دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
بەهۆی بوونی زیاتر لە 35 جێگەی گەشتیاری و هەروەها جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە سنورەکەدا، بە وتەی بەرپرسانی گەشتوگوزاری #هەڵەبجە# پێشبینی هاتنی زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار دەکەن و لەمڕۆشەوە ئامادەکارییەکانیان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران دەستیانپێکردووە.
سەردار عەلی، بەرپرسی بەشی گەشتوگوزار لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، وەک ئامادەکارییەک بۆ پێشوازیکردن لە هاتنی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، لەپێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە بازگەکان و ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە دەستمان بە دابەشکردنی ڕێنمایی بەسەر گەشتیاراندا کردووە.
وتيشی، لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 35 ناوچەی گەشتیاری خراونەتە ناو ماستەرپلانی گەشتیاری هەرێمەوە و هاوکات لە نەورۆزی ساڵی ڕابردودا زیاتر لە 65 هەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە کرد و بۆیە ئەمساڵیش پێشبینی هاتنی زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار دەکەین.
ئه و بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتی گشتوگوزاری هەڵەبجە ئەوەشی وت ساڵانی ڕابردوو زۆرێک له و گەشتیارانەی کە دەهاتنە سەرچاوەی زەڵم و هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا گەشتیاری عەرەب بوون کە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دەهاتن، بەڵام ئەمساڵ ڕوون نییە ئاخۆ چەند گەشتیاری عەرەب ڕوو لەناوچەکە دەکەن ئەوەش بەهۆی ئه و بارودۆخە سیاسیەی لە نێوان هەرێم و عێراقدا دروستبووە.[1]
#21-03-2018#