بەناوی ئاهورامەزدا، وزە و هێزی پێشبەرندە و خۆشوەشی و ئاسودەیی
خۆشەویستانی ڕێگای کوردایەتی
ئازیزانی ڕاستی خواز
#ناوەندی زەردەشتیانی کوردستان#، بەری ڕەنج و چەندین ساڵەی کۆمەڵێک کەسایەتیی دیاری گەلەکەمانە و لە هاتنەوەی (پیر لوقمان) لەبەریتانیاوە و لە #08-02-2015# ەوە بۆ کوردستان و کۆکردنەوەی خەڵک لەدەوری بیری زەردەشتی و پێکهێنانی بزوتنەوەی زەردەشتیان دەست پێدەکات و پاش کۆمەڵێک کاروچالاکیی هەمەجۆر، لە باشوردا، لە سلێمانی و کەرکووک و داقوق و چەمچەماڵ و خورماتوو و کەلار و کفری و دەربەندیخان و هەڵەبجە و ڕانیە و قەڵادزێ و هەولێر و کۆیە و دهۆک، لەنێوان هەردوک بەڕێزان (مامۆستا فەرهاد پاڵەوان و پیر لوقمان) دا و بەسەرپەرشتی و سەرۆکایەتیی مامۆستا (فەرهاد پاڵەوان) بڕیاری دروستکردن و پێکهێنانی لێ درا. هەر پاش ئەوەش ئەندامان و لایەنگرانی بزوتنەوەی زەردەشتیان، لەژێر ڕێبەرایەتیکردنی ناوەندی زەردەشتیاندا، ئەنجومەنی باڵایان پێک هێنا و لەشار و شارۆچکەکاندا ئەنجومەنی زەردەشتیان و ڕایەڵە تایبەتییەکان پێکهێنرا و پاشان ناوەندی زەردەشتیان بۆ ماوەی شەش مانگ لە هەولێریش کرایەوە.
ناوەندی زەردەشتیان، وەک نەخشە ڕێگاکەی لەسەرەتاوە پەیوەندیی بەوەزارەتی ئەوقاف و پەرلەمان و حکوومەتی کوردستانەوە کرد و گەلێ پێشنیاری جوانی وەرگرت. هەربۆیە وەک دەستپێک، ڕێکخراوێکی مەدەنیی بۆ ڕێجستەر کرا و دەست کرا بەکاری مەدەنیانە. شانبەشانی ئەوە داوای نوێنەرێکمان بۆ زەردەشتیان کرد لە وەزارەتی ئەوقاف و لەگەڵ دەستە و ئەنجومەنی نوسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستاندا دانیشتین و وتوێژمان کرد و ئاینی زەردەشتیمان کردە ناو دەستووری هەرێمی کوردستانەوە و بەمەش ئاینەکەمان کرد بەفەرمی. بەڵام بەداخەوەین وەزارەتی ئەوقاف بۆ نوێنەرایەتییەکەی داوامان کردبوو کەسێکی بەبێ پرسی ئێمە دانا و بەهۆیەوە کێشەگەلێکی زۆرمان توش بوو و تاکو ئێستاش بەردەوامە و وەزارەت چارەسەری نەکردووە.
لەهەڵمەتی بانگەشەی بەردەوامماندا، هەزاران کەس پشتوێنی زەردەشتیان بەست و گەڕانەوە سەر ئاینی باوباپیریان. دەستە دەستە کچ و کوڕی کورد، لەهەموو لایەکەوە پەیوەندییان بەناوەندی زەردەشتیانەوە کرد و لەدەوری خاوەندارێتیکردنەوە لە مێژووی باوباپیرانمان کۆبوونەوە و لەپاڵ ئەمەدا ڕێبەرایەتیی زەردەشتیان (پیر لوقمان) ی وەکو مەرجەعی زەردەشتیان لەعێراق و کوردستاندا ناساند و بۆ ئەمەش چووینە بەغداد و لەوێش ئاینەکەمان بەفەرمی کرد.
ناوەندی زەردەشتیان هەزاران گاتای پیرۆزی زەردەشتی پەیامبەری چاپ و بڵاوکردەوە و دەیان مەراسیم و ئاهەنگی ساز کردووە. دەیان کۆڕی ڕۆشنبیری و دەورەی پێگەیاندنی کادرانی پسپۆڕ لەبوواری زەردەشتی و مێژووی کوردا کردۆتەوە و سەدان کار و چالاکیی هەمەچەشنەی لەبواری ژینگە دۆستی و ئاژەڵ دۆستی و سروشت دۆستیدا ئەنجام داوە.
هاوەڵانی هێژا،
میوانە بەڕێزەکان
ئێمە، وەک ناوەندی زەردەشتیانی کوردستان، لەم یادە پیرۆزەدا و لەم ڕۆژە مەزن و مێژووەییەی کورداندا و لەم جەژنە پڕ لە ڕووناکییەی زەردەشتیاندا، پیرۆزبایی گەرم لە هەموو لایەک دەکەین و جارێکیتر بەڵێن بۆ نەتەوەکەمان نوێ دەکەینەوە، لەم کاروانەماندا بەردەوام دەبین و تا نەگەین بەخۆر، دەست هەڵناگرین.
لێرەوە داوا لەهەموو لایەک دەکەین با بێن و بەبێ سڵەمینەوە و هیچ ترسێک پەیوەندی بکەن بە ناوەندی زەردەشتیانەوە و ڕیزەکانی ئەم بزوتنەوەی زەردەشتیانە فراوان بکەن و بەهێزی بازوو و هێزی ئاوەزمەندی و خەرەدمەندیی خۆیان ژیانێکی نوێ بۆ خەڵکی کوردستان و ئایندەیەکی نوێی ڕوناک بۆ نەوەکانی ئایندە دەستەبەر بکەین.
ناوەندی زەردەشتیانی کوردستان
1/1/2717ی ساڵنامەی کوردی
#21-03-2017#