هاتنی بەهار و جەژنی نەورۆز لە باشووری کوردستان، بووەتە هۆی ئەوەی تەنیا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا شەش هەزار گەشتیار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و، زیاتر لە 10 هەزار گەشتیاریش لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە بێنە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار: ساڵی ڕابردوو زیاتر لە دوو ملیۆن و 100 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و، ئەمساڵ پلانی دەستەکە زیادکردنی ژمارەی گەشتیارانە بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار.
جیاوازتر لە جاران، ئەمجارە لە بازگەیەکی تایبەت گەشتیاران لە عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان، سەرباری کردنەوەی ئەم بازگەیەش، هێشتا گەشتیاران چاویان لە کردنەوەی ڕێگای سەرەکیی هەولێر کەرکووکە.
سەمیرە جەبار، گەشتیارێکی عێراقییەوە دەڵێ زیاتر لە 17 جار هاتوومەتە هەولێر: پێش ڕووخانی ڕژێم، دوای ڕووخان و ئێستاش هاتووم. هەرجارێک دێم، هەولێر جوانتر دەبێت، خەڵکەکەی زۆر باشن و ئاو و هەوا و سرووشتەکەی زۆر دڵگیرە، بەڵام ڕێگاکەی زۆر سەختە و، زیاتر لە 70 بازگەی لێیە، ئەوەش زۆر ماندوومان دەکات.
کامیل سەفەر، ڕێبەری گەشتیارییە، ئەو دەڵێ کوڕی بابل، بەغدا و هەولێر هەمووی برای یەکدین. خوشک و براکانمان هەمووان خەڵکی یەک وڵاتین و، کەسی یەکدین، بۆیە ئێمە هیچ جیاوازییەک لەگەڵ کورد ناکەین و هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ئێستا لێرەین.
گەشتیارێکی دیکەی عەرەب بەناوی نەوار کامیل دەڵێ لەڕووی ئابوورییەوە، کەلوپەلەکانی هەولێر لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەرزانترن و، لەڕووی گەشتیاریشەوە، بەڕاستی زۆر دڵگیر و خۆشە، بۆیە ئێمە ناچینە وڵاتان و شوێنی دیکە.
هۆتێل و مۆتێل و ڕێستۆرانتەکانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێ دەکەن قەرەبووی زیانی وەرزەکانی دیکە بکەنەوە، بۆیە ئامادەکارییان کردووە و لە ڕۆژانی نەورۆزدا چاوەڕێی هاتنی گەشتیاران دەکەن.
شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر دەڵێ لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان گرێبەستمان کردووە بۆ خاوەن هۆتێل و مۆتێلەکان بۆ هێنانی گەشتیاران، بۆیە چاوەڕێی هاتنی گەشتیاران دەکەین، چاوەڕێ دەکەین ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بێنە کوردستان، بەتایبەت بەهۆی کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، کە ئەوەش هاندەرە.
دەستەی گەشتوگوزار لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە چوار ملیار دینار داهاتی ڕسوماتی کۆکردووەتەوە و، ئەمساڵ نزیکەی 75 ملیۆن دیناری بۆ خزمەتگوزاری بۆ ناوچە گەشتیارییەکان تەرخان کردووە.
مەولەوی جەبار، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێ تیمەکانی ئێمە لە تەواوی سەیرانگەکان داندراون و ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ پێشوازیکردن لە هاونیشتمانیان و گەشتیاران. لە ڕۆژانی نەورۆزدا چاوەڕێ دەکەین ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بێنە هەرێمی کوردستان، ئەگەر پلانەکە ئاوا بڕوات و خزمەتی کەرتی گەشتیاری بکرێت، ئێمەش دەتوانین هاوکاری کەرتی ئابووریی هەرێمی کوردستان بکەین.[1]
#21-03-2018#