دوای بەرەنگاریی ئازایانەی شەڕڤانانی ڕۆژئاوای کوردستان لە#عەفرین# و پێشتریش لەرزگارکردنی ناوچە کوردستانییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریستانی #داعش# و هاوپەیمانەکانی، شانازییان لەمێژووی تێکۆشانی گەلی کوردستان تۆمار کرد.
ئەم هەنگاوە هاوکاتبوو لەگەڵ شەڕوئاژاوەی نێو خۆی سوریا و بەریەککەوتنی بەرژەوەندیی ناوچەکانی نفوزی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان، کەلەئەنجامدا، بووە هۆی فشاری سیاسی و سەربازی بۆسەر ئەم پانتاییە ئازادییەی لەرۆژئاوا بەدەستهات. کەسیناریۆی بەڕێوەبردنی کەیسەکانی چۆنیەتی چارەسەرکردن و بونیادنانی ئاشتەوایی لەمیانەی کۆنگرە نێودەوڵەتییەکاندا، بەتەواوەتی لەدژی بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان لەرۆژئاوا بەڕێوەبراو، لەئەنجامدا، هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی (تورکیا و ئێران و سوریا و ڕوسیا و ئەمریکا) بەوپەڕی خۆ گێلکردن لەراستیەکان و ڕێککەوتنی پێشوەخەتی لەنێوان خۆیاندا، بەسیاسەتی دووفاقی شاری عەفیرینی ئاشتیخوازیان ڕادەستی هێزە تووندڕەوە ئیسلامیی و قەومییەکان کرد، بەپاڵپشتی ڕاستەوخۆی حکومەتی ئاکەپەی تورکیا، کەبەدڕندانەترین شێوەو چەکی مۆدێرین خەڵکی سیڤیل ناوشارەکەو نەخۆشخانە و شوێنەگشتییەکانیان کردە ئامانج لەژێر چاودێری و بێدەنگی جیهانی سەرمایەداری، که ئەمە بەتەواوی داگیرکردنی عەفرینە لەلایەن تورکیاوە.
ئازایەتی و خۆڕاگری عەفرینییەکان، جێگای سەربەرزییە، بۆ ئەم ئازادییە دەیان شەهید و برینداریان لەپێناویدا بەخشی و هەروەها بەسەدان هەزار هاوڵاتی سیڤیلیش ئاوارەبوون.
لەبەرامبەر ئەم قۆناغە نوێیەدا، حزبی شیوعی وێرای شەرمەزارکردنی گەلەکۆمەیه لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا، داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات مافی ڕەوای گەلی کوردستان نادیدە نەکەن و بەدەنگی هەقخوازی گەلەکەمانەوە بێن، هەروەها داوای یەکرێزی سیاسی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا دەکەین و خۆیان لەدووبەرەکی بەدوور بگرن و پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتمانی بەیەوەکەوە بڕیاربدەنوهیوادارین لەئاستی مەترسی قۆناغەکەدا بن.
هەروەها، بەرپرسیارێتی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانە، کەپرۆژەی گیانی بەرخودانی نیشتمانی و میللی بگرنە ئەستۆ و کاری لەسەر بکەن، کەپشت بەستن بەبەهێزکردنی ئیرادەی ناوەخۆیی، تاکە ڕێگای سەرکەوتن و بەدیهێنانی مافە نیشتمانی و دیموکراسییەکانە و کارتێکی بەهێزیشە کە هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان لەرۆژئاوای کوردستان بتوانن، لەهەر چارەسەرییەکی دۆخی سوریا ببنە لایەنێکی بەهێزی گفتوگۆکان و بەدەستهێنانی داننان بەمافەکانیانن.
سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەهیدانی بەرخودان و خۆڕاگری لەعەفرین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان و گەڕانەوەی سەربەرزانەی هاوڵاتیان بۆسەرماڵوحاڵی خۆیان دەخوازین، بێگومان گەلی کوردستان هیچ کات تەسلیم بەئیرادەی زۆرداران نابێت.
هەربژی بەسەربەرزی عەفرین...
سڵاو بۆ بەرخودانی ئازایانەی گەلی کوردستان لەپێناو مافە ڕەواکان و بێتەدی ئاشتەوایی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی.
مەکتەبی سیاسی
حزبی #شیوعی کوردستان#
#18-03-2018#