رۆژی 22ی ئادار ڕۆژی جیهانی ئاوە، ڕاپۆرتە جیهانییەکانی باس لەوە دەکەن لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئاو شوێنی نەوت دەگرێتەوە و پێدەچێت کۆنترۆڵکرنی سەرچاوە ئاوییەکا بێتە تەوەرێکی ململانێ سیاسیەکان، هەربۆیە توێژەران سەدەی 21 یان ناو ناوە سەدەی جەنگی ئاو.
وشککردن و گرتنەوەی ئاوی ڕووباری ئەڵوەند لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ هەرێمی کوردستان، لەو ڕوانگەیەوە چیدیکە سەرچاوەکانی ئاو لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بە بێبایەخ تەماشاناکرێن. هەروەها ساڵی ڕابردوو بەهۆی گۆڕینی ئاراستەی سەرچاوەکانی ئاوی لەناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، بەنداوی دووکان بەشێوەیەکی خێرا ئاستی ئاوەکەی دابەزی.
ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگانی ئاوی کوردستان بە تۆڕی میدیای ڕووداوی ڕاگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ساڵی 2012ەوە پلانی ستراتیژی هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاو و دابینکردنی ئاسایشی ئاو لەهەرێمی کوردستان بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێکی زۆری کارەکانیان ڕاگیراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگانی ئاو باسی لەوەشکرد، لە دوای دانانی پلانەکەوە توانیویانە 14بەنداو دروستبکەن و 20 بەنداو کارکردن تێیاندا ڕاگیراوە، شوێنی 250 بەنداویش دیاریکراون.
لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە پەرلەمانی کوردستان کۆتایی ساڵی ڕابردوو پڕۆژەیەکی بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو ڕەوانەی حکومەت کردووە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و دواتر لەپەرلەمانی کوردستان وەک یاسا پەسندبکرێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەرێمی کوردستان خاوەنی 30 ملیار مەتر سێجا ئاوی سەرزەویی و پێنج ملیار مەتر سێجا ئاوی ژێرزەوییە کە، بەشی چوار هێندی دانیشتووانەکەی دەکات بەڵام سەرچاوەکانی ئاو بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموو ناوچەکاندا دابەشنەبوون.[1]
#22-03-2018#