دواڕۆژ، #عیسا عەبدولقەهار#
=KTML_Bold=بەپێی ڕاپۆرتێکی دەستەی مافی مرۆڤ، ڕێژەی ڕاگیراون و سزادراون لە زیادبوونی بەردەوامدایە، بۆ نموونە تۆمەتبارێک بەناوی (ه، م، ا) لە ساڵی 2006 لە موسڵ لەلایەن هێزێکی ئەمنی سەر بەهەرێمی کوردستان دەستگیرکراوە، بەڵام تائێستا هیچ سۆراغێکی نازانرێت و دەزگا ئەمنییەکانیش بێئاگایی خۆیان له و کەیسە ڕاگەیاندووە.=KTML_End=
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکیدا، چەندین پێشلکاری بەرامبەر دەستگیرکراون لە بەندیخانەکانی ئاسایش و بەندیخانەکانی پۆلیس لەهەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو تۆمارکراون.
$راگیراوانی بەندیخانەکانی پۆلیس لە دۆخێکی خراپی دەرونی و مرۆییدان$
لەهەرێمی کوردستاندا، 7 بەندیخانە هەن کە تایبەتن به و تۆمەتبارانەی کە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیردەکرێن و لەوێدا دەهێڵدرێنەوە تاکو لە دادگاکانەوە دۆسیەکانیان یەکلایی دەکرێتەوە، تاوەکو کۆتایی 2017 ژمارەی ئه و تۆمەتبارانەی کە له و بەڕێوەبەرایەتیانە ڕاگیراون بریتی بووە لە دوو هەزارو 185 تۆمەتبار.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی دەستەی مافی مرۆڤ، سستییەکی زۆر لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانیان هەیه و ژمارەیەکی زۆر لە ڕاگیراون بەبێ ئەوەی چارەنووسیان یەکلایی بکرێتەوە لە دۆخێکی دەروونی و مرۆیی سەختدا ژیان بەسەردەبەن و هەندێک حاڵەت هەن زیاتر لە چوار ساڵە ڕاگیراوە، بەبێ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەی.
دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم، چەند نموونەیەکی لە بەندیخانەکانی گرتن و گواستنەوەی هەولێر خستۆتەڕوو، لەوانە تۆمەتبار (م، ن) لە بەندیخانەی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی هەولێر، بۆ ماوەی چوار ساڵە بەبێ ئەوەی هیچ ماددەیەکی یاسایی لەسەر جێگیرکرابێت، دۆسیەکەی یەکلایی نەکراوەتەوە.
هەروەها دەستەی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بە تۆمەتبارێکی تر بەناوی (ک، ح، ڕ) لە گرتووخانەی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی سلێمانی کردووە، کە بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 ڕاگیراوە، بەڵام بۆ ماوەی 18 مانگە دۆسیەکەی یەکلایی نەکراوەتەوە.
دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم، ئاشکرایشکردووە کە بەهۆی خۆپیشاندانی مووچەخۆرانەوە لە ئازاری 2017، خەڵک لە دەرەوەی ڕێوشوێنە یاساییەکان دەستگیرکراون و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان بوونەتەوە.
$تەندروستی ڕاگیراوان لە هەولێر و سلێمانی مەترسی لەسەرە$
لەبارەی گرفتەکانی تر لە گرتووخانەکانی پۆلیس لە هەرێم، دەستەی مافی مرۆڤ ڕونیکردووەتەوە کە گرفتی کەمی دەرمان لە بنکە تەندروسییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گرتن و گواستنەوەی هەولێر هەیە، ئەمە جگە لەوە بەهۆی هەڵکەوتەی خراپی جوگرافی لە نزیک بەڕێوەبەرایەتییەکە پاڵاوگەی نەوت و کوشتارگەی ئاژەڵان و سوتاندنی خۆڵ و خاشاکی زبڵخانەی کانی قرژاڵە، وایکردوو کە شەوانە دوکەڵ و بۆنێکی زۆر ناخۆش بەسەر بەندیخانەکە بڵاوببێتەوه و زیانی زۆری بۆ تەندروستی بەندکراوان هەبێت.
دەستەی مافی مرۆڤ، دەشڵێت هەرچەندە داوا لە پارێزگاری و سەرۆکی شارەوانی هەولێر کراوە ئه و کێشەیە چارەسەربکەن، بەڵام تائێستا چارەسەرنەکراوە.
مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، کە جگە لەوەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێژەی تۆمەتباران ڕوو لە هەڵکشان دەکات و لەئەگەری بەردەوامبوونی ئه و بارودۆخەش بنکەکانی گرتن و گواستنەوەی هەولێر لە توانایدا نییە تۆمەتباری زیاتر وەربگرێت.
لەبارەی بەندیخانەی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی، دەستەی مافی مرۆڤ، دەڵێت ئه و بەندیخانەیە لە بنەڕەتدا توانای لەخۆگرتنی 250 بەندکراوی هەیە، بەڵام 596 بەندکراو لە بەندیخانەکدایە، ئەمە بووەتەهۆی ئەوەی کە گرنگی بە پاک و خاوێنی و چارەسەری پزیشکی نەدرێت، بۆ نموونە ڕاگیراو (ڕ، ڕ) 39 مانگە له و بەڕێوەبەرایەتییەیە، بەڵام تائێستا دادگایی نەکراوە و دادگای سێی سلێمانی دۆسییەکەی یەکلایی نەکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی باری تەندروستی تێکچووە، کەچی لەگەڵ بەندکراوەکانی تر تێکەڵکراوە.
$پێشلکارییەکان لە بەندیخانەکانی ئاسایش$
ئه و کەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر یاخود بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و بەزاندنی سنوور دەستگیردەکرێن لە بەندیخانەکانی سەر بە ئاسایش ڕادەگیرێن تاکو لەلایەن دادگاکانەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکانیان دەدرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی دەستەی مافی مرۆڤ، زیاتر لە 600 کەس حوکمدراون، بەڵام ئه و کەسانەی لەگرتوخانەکانی ئاسایش ڕاگیراون گونجاونین و لەگەڵ ستاندارە نێودەوڵەتییەکان ناگونجێت، هەروەها بەشێکی زۆر لە پێشلکارییەکان بەرامبەر ڕاگیراون لە بەندیخانەکانی ئاسایش ئەنجامدەدرێت کە گرنگترنیان لێدان و ئازاردانی هەندێک ڕاگیراو لەکاتی لێکۆڵینەوەدا.
دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم، ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەندێک کات ئاسانکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەستە ناکرێت، بۆ ئەوەی چاودێری گرتووخانەکانی سەر بە ئاسایش بکرێت.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا، دەستەی مافی مرۆڤ کۆمەڵێک پێشلکاری تری لە بەندیخانەکانی ئاسایش ئاشکراکردووە، لەوانە خراپی پاک و خاوێنی هۆڵەکان، بەرخۆر وەرنەگرتنی پێویست، نەگونجانی شوێنی چاوپێکەوتن، قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنی هەندێک لە بەندکراوان، کۆنی پێخەف و نەگونجانی شوێنی نووستن و لاوازی ڕۆڵی داواکاری گشتی لەنێو بەندیخانەکاندا، بووەتە هۆی ئەوەی چەندین پێشلکاری بەرامبەر بەندکراوان بکرێت.
دەستەکە چەند نموونەیەک لە پێشلکارییەکان لە بەندیخانەکای ئاسایشی هەولێرو سلێمانی دەخاتەڕوو، لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە لەسەر ئاسایشی هەولێرو سلێمانی ئەوانەی بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون تا ماوەیەک کەسوکارەکانیان ئاگاداری چارەنووسیان نین و هەندێک لە هاووڵاتیان دەستەی مافی مرۆڤیان ئاگادارکردووەتەوە کە نازانن بە چ هۆکارێک کەسوکاریان گیراوە؟، بۆ نموونە (د، خ) لە ئاسایشی گشتی هەولێر پاس چوار مانگ لە دەستگیرکردنی، هۆکاری دەستیگرکردنەکەی بە کەسوکارەکەی ڕانەگەیەنراوە.
هەروەها تۆمەتبارێک بەناوی (ه، م، ا) لە ساڵی 2006 لە موسڵ لەلایەن هێزێکی ئەمنی سەر بەهەرێمی کوردستان دەستگیرکراوە، بەڵام تائێستا هیچ سۆراغێکی نازانرێت و دەزگا ئەمنییەکانیش بێ ئاگایی خۆیان له و کەیسە ڕاگەیاندووە.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەندکراوان لە گرتووخانەکان، دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دادو سەرۆکایەتی داواکاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و وەزارەتەکانی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ئاگادارکردووەتەوه و داوای لێکردوون چارەسەری ئه و کێشه و پێشلکاریانە بکەن.[1]
#22-03-2018#