نامەیەکی بەپەلە
دوای دەستبەکاربونمان وەک پارێزگاری #سلێمانی#، لە ناو ناڕەزایەتیی و داخوازییە جەماوەرییەکانی مانگی دوانزدەی ساڵی 2017دا، پاش چەند کۆبوونەوەیەکی دڵسۆزانەی بەرپرسانەی لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی، لە دوای چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ خەڵک و لایەن و ڕێکخراوو دامودەزگاکاندا، ئەم نامەیەمان وەک نامەیەکی (بەپەلە)، لە ڕۆژی 22/12/2017دا، پێشکەش بە بەڕێزان سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد، ئەمڕۆ، سێ مانگی تەواو بەسەر ئه و ڕۆژەدا تێدەپەڕێت، بۆ دڵنیاکردنەوەی هەموو لایەک لە هەوڵە بەردەوامەکانمان و کارکردنمان بۆ چارەسەری قەیرانەکان، بەپێویستی دەزانین، وەکو خۆی بیخەینە بەر دەستی هەموو هاووڵاتیان، تا بتوانین هەموومان بەیەکەوە، هەڕەشه و مەترسییەکان، هەل و دەرفەتەکان، بەلۆژیکیی تاوتوێ بکەین و وڵاتەکەمان لە کەناری کەوتن دەربازبکەین، دەخوازین هەرچی زووە کێشەی موچه و بودجه و نەوت لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیدا چارەسەربکرێن و چیتر هاووڵاتیان باجی هەڵه و ململانێی سیاسیی لایەنەکان نەدەن، ئەمەش دەقی ئه و نامەیەیە:
نامەیەکی بەپەله
بۆ بەڕێزان:
- سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
- جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
بەناوی خودای کاربەجێ
بارودۆخی ئێستا، بارودۆخێکی نا ئارامی نا جێگیری قەیراناویی ئاڵۆزو ئاڵۆزکێنراوو مەترسیدارە، ڕەنگدانەوەی قەیران و کێشە چارەسەرنەکراوەکانی بیستوشەش ساڵی ڕابردووە.
دۆخێکە لە ئەنجامی شکستهێنانی مۆدێلی بە حیزبیکردنی دامودەزگای دەوڵەتیی و گۆڕینی هاووڵاتیی بۆ ئاواره و میوانی ماڵی خۆی و کارمەند بۆ کادیرو بەسەربازگەکردنی کۆمەڵگا و تێکدانی تەون و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و چەسپاندنی مۆدێلی ئەمنیی و بەهەدەردانی سامان و داهاتی گشتییەوە سەرچاوەی گرتووە.
متمانه و پابەندیی و یەکترتەواوکردن؛ لە نێوان هاووڵاتیی و دەسەڵاتداران و دامودەزگاکاندا لە نزمترین ئاستیاندان، خزمەتگوزاریی و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، دەرەتان و موچه و جوڵەی بازاڕو دەرفەتی کارو سەرمایەگوزاریی و بودجەی پڕۆژەکان، لەخراپترین ڕادەی خۆیاندان.
لە دوای 16ی تشرینەوە، کوردستان وەک ئۆردوگایەکی پەناهەندەیی ئابڵوقەدراو لەسەر خاکی خۆی دەردەکەوێت، چواردەوری سنورە فیدراڵییەکەی گڕیگرتووه و بەهۆی نەبوونی هێزو سوپاو ئیرادەیەکی هاوبەشی نیشتمانییەوە، 52%ی ئەم هەرێمەمان لە دەستداوە، متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا ونبووه و پەیوەندیی حیزب بە حکومەتەوە لە پەیوەندییەکی تەواوکاریی پشتیوانگەراوە، بۆ پەیوەندییەکی جیاکارییانەی دوژمنگەرا، گۆڕاوە.
ململانێی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان لەگەڵ یەکتر لەلایەک، لەناو هەر لایەنێکیشدا بۆ خۆی لەلایەکی ترەوە، هەموویشیان لەگەڵ حکومەت و دامودەزگا حکومییەکاندا لە لای سێیەم و، کۆی ئەمانەیش لەبەرامبەر خواست و پێداویستیی و ویستەکانی خەڵکدا، لە بەریەککەوتن و زۆرانبازیدان.
کەمتەرخەمیی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەت، قۆرتەکانیان بە تەواوەتی لەم کاتەدا دەرکەوتوون، تا ئه و ڕادەیەی حکومەت و حیزبەکان وەک بارێکی گران بەسەر ژیانی خەڵکەوە دەبینرێن نەک وەک پارێزەرو ڕێکخەرو ئیدارەدەری ژیانی گشتیی.
ستەم و بێدادیی، نەبوونی سزاو پاداشت، گوێنەگرتن لە داواکانی خەڵک، بێباکیی لە مامەڵەکردندا، بڕسکی لە جوڵەی ئۆرگانیی و دیالێکتیکیی خەڵک و حکومەت بڕیوە، تا ئەوەی خەڵک و حکومەت وەک دوو هێزی بەرامبەر بەیەک دەربکەون نەک هاوسەنگەری یەکتر.
سێکتەرەسەرەکییەکانی وەک پەروەرده و فێرکردن و خوێندنی باڵاو تەندروستیی و پۆلیس و ئاسایش و کشتوکاڵ، فەرامۆشکراون، متمانە بە بانک و سیستمی دارایی و ماڵیی نەماوە، بیمە لە هیچ سێکتەرێکدا نییه و هاووڵاتیان لە هەر سێکتەرێکدا دووچاری ڕوداوێک ببن، دەفەوتێن.
حکومەت وەک سەرچاوەی قەیرانەکان نەک چارەسەرکەری قەیرانەکان وێناکراوە، بێکارەبایی و بێئاویی و بێسوتەمەنیی و بێدەرەتانیی، خوێندن و پەرەپێدان و هەموو ئەرک و ئامانجە تایبەتیی و گشتییەکانی خەڵک، کەوتونەتە ئەستۆی خەڵک خۆی، موچەی هاووڵاتیان ئەوەندە کەمکراوەتەوە کە هەڕەشەی جدیی بۆ ئاشتیی و کاسەی ماڵ و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و ئارامیی تاکیش دروستکردووە، لەبەرامبەردا باج و ڕسومات و گومرگ و سزاکان ئەوەندە زیادیانکردووە لە توانستی هەژارو دەوڵەمەندانیشدا نەماون، لەهەمانکاتیشدا ئەم داهاته ناوخۆییانە بۆ خزمەتگوزارییەکان وەک پێویست خەرجناکرێنەوه و بەشی زۆریان دەڕژێنەوە خزمەتی کەسی ناو حیزبە دەسەڵاتدارەکان، یان هەر تەنها ئەوان مافی خەرجکردنیان هەیە بۆ خزمەتی گشتیی.
هەموو ئەمانەو زۆرێک لەوانیشی لێرەدا نەنووسراون، بونەتە (هۆکار) بۆ بارودۆخی ئێستا.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان (ئەنجام)ن، ئەنجامی شکستی سیستمی حیزبیی و حکومیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و فەرهەنگیی وڵاتن، هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران و مێدیاکان و دامەزراوە حکومییەکان قوربانین، قوربانیی ململانێی ناڕەوای لایەنە سیاسییەکان و باڵ و ئۆرگان و کەسە دەستدرێژەکانی ناو هەموو لایەنەکانن.
هەرێمی کوردستان و یەکە کارگێڕییەکانی ئێستا لەبەردەم پێنج هەڕەشەی جدیدان:
1. بەریەککەوتنی هێزە چەکدارەکان و خۆپیشاندەران.
2. بەرپابوونی شەڕی ناوخۆ.
3. دوو ئیدارەیی تا ڕادەی دوو هەرێمیی.
4. گەڕانەوەی دەسەڵاتی ئیتحادیی.
5. فەرزکردنی هێزی سەربازیی یەکێتیی و پارتیی لە ناوچەکانی خۆیاندا.
لە ئێستادا؛ بەناچاریی باشترینی خراپەکان کە خاڵی پێنجەمیانە، پەیڕەوکراوە بۆ ماوەیەکی کاتیی، ئەگەر بەخێرایی چارەسەری ڕیشەیی بۆ داخوازییە ڕەواکانی خەڵک نەدۆزرێتەوه و هەنگاوی خێرا بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخەکه و ئاشتکردنەوەی دامودەزگاو هێزەکان لەگەڵ خەڵک نەکرێت کە لە ئێستادا بریتین لە:
یەکەم، هەنگاوە ئەمنییەکان:
1. نەهێشتنی توندوتیژیی لە هەموو لاکانەوە.
2. ئازادکردنی گیراوەکان.
3. بردنەدەرەوەی هێزە سەربازییەکان لە شارەکاندا.
4. کردنەوەی کەناڵە ڕاگەیاندنە ڕاگیراوەکان.
5. پاراستنی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان.
6. گفتوگۆی جدیی لە نێوان خەڵک و حکومەتدا.
7. دادگایکردنی تەقەکەران.
دووەم: هەنگاوە ژیانیی و خزمەتگوزارییەکان:
1. حکومەت داهاتەکانی خۆی بەڕونیی ئاشکرابکات و ڕێ لە بە فیڕۆچوون و بۆ کەس و لایەن بردنی داهاتی خەڵک و نیشتمان بگرێت.
2. دابینکردنی موچەی موچەخۆران بەبێدواکەوتن.
3. دیاریکردنی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆران و بەکارهێنانی بۆ خەرجییە دەوڵەتیی و بانکییەکان.
4. پاککردنەوەی لیستی موچەخۆران.
5. دابینکردنی نەوتی سپی و دابەزاندنی نرخی سوتەمەنیی بەگشتیی.
6. باشکردنی کارەبای نیشتمانیی و هاندان و کۆمەککردنی موەلیدەی گەڕەکەکان لە بەرژەوەندیی خەڵک.
7. دابەشکردنی زەوی نیشتەجێبوون و ئه و یەکانەی تەواوبوون و دابەشنەکراون، تاپۆکردنی زەوییە بێتاپۆکان بەقازانجی خەڵک.
8. کەمکردنەوەی باج و ڕسومات و غەرامات و گومرگ بەشێوەیەک ببێتە هۆی جوڵانەوەی بازاڕ.
9. دامودەزگا حکومییەکان خزمەتکاری خەڵک بن نەک بەپێچەوانەوە.
10. بوژاندنەوەی پڕۆژە وەستاوەکان و هاندانی کەرتی تایبەت.
11. لابردن و قەدەغەکردنی سەرانه و گومرگی شوێنە نا یاساییەکان.
12. کاراکردنی مەرزە نێودەوڵەتییەکان و هاندانی بازرگانەکان.
سێیەم: هەنگاوە سیادییەکان:
حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لە نێوان ئەم گریمانانەدا بەخێرایی یەکلابکاتەوە:
1. حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەدای حوکمڕانیی خۆی باشبکات و متمانە لە نێوان خۆی و خەڵکدا دروستبکاتەوە.
2. حکومەتی هەرێمی کوردستان، دۆخی چەقبەستووی خۆی ڕابگەیەنێت و ئه و داهاتەی دەستی دەکەوێت لە موچه و پێداویستییە سەرەکییەکاندا خەرجیبکات، وەک حکومەتی کاربەڕێکەر خۆیبناسێنێت تا ڕۆژی هەڵبژاردن، بەزوترین کاتیش ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریبکات و هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە کاتی دیاریکراودا بکرێت.
3. حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێگای بەغدا بگرێتەبەرو کێشەکانی خۆی لەگەڵ ئەوێدا بەخێرایی چارەسەربکات، بەتایبەتیی کێشەکانی موچه و بودجه و خزمەتگوزارییەکان.
4. حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان بکات، دەستەیەکی داکۆکیکردن لە خەڵکی کوردستان پێکبهێنن و کێشەی پارێزگاکانیان بە میکانیزمی فیدراڵیانه و چارەسەری ئیتحادییانە لەگەڵ بەغدادا چارەسەربکەن.
5. حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بکات، هەرێمی کوردستان بخەنە ژێر چەترێکی نێودەوڵەتییەوە.
بە پێچەوانەوە، ئەگەر بەخێرایی بە دەم چارەسەرکردنی کێشه و قەیرانەکانەوە نەچین ئەوا:
1. هەموو سێکتەرە خزمەتگوزاریی و ئابووریی و دارایی و ئیداریی و یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان دەوەستن.
2. هەیمەنەی سەربازیی- حیزبیی، لە شارەکاندا بەردەوامدەبن، مانایەک بۆ دامودەزگا حکومییەکان و خەباتی مەدەنیی و سەروەریی یاسا نامێنێتەوە.
3. بەریەککەوتن و توندوتیژییەکان کە سەرچاوەیان لە برسێتیی و نادادیی و بێموچەیی و بێکاریی و بێدەرەتانیی و شکستی مۆدێلی حیزبیی - ئەمنییەوە نەک دەوڵەتیی - مەدەنییەوە، گرتووە؛ زیاتر دەبن.
4. دۆخەکە بەره و بەریەککەوتن و شەڕی ناوخۆ و شەڕی کۆمەڵایەتیی دەچێت، ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیش دەکەونە بەر هەڕەشە.
5. هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر مەترسیی دوو ئیدارەیی و دوو هەرێمییەوە.
6. دەسەڵاتی ئیتحادیی دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و کیانێک بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نامێنێت.
بەنوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی پارێزگاکەم، کە لەگەڵ نوێنەرانی بەشی هەرە زۆریاندا کۆبوومەتەوە، ئەم نامەیەم خستە بەردەستان، دەخوازم بە هێزی لۆژیک و هەنگاوی خێراو بوێرانە، هیواو دادو ئازادیی و ئاشتیی و بژێویی و ژیان و ئاوەدانیی و ئارامیی و ئاسایش و متمانە و سەروەریی یاسا؛ بۆ نیشتمان بگەڕێننەوە.
چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوتانین.
لەگەڵ ڕێزدا..
د. #هەڤاڵ ئەبوبەکر#
پارێزگاری سلێمانی
#22-03-2018#
سلێمانی