دواڕۆژ، #ڕێبین حەسەن#
هاتنی گەشتیارانی ئێرانی و کوردانی ڕۆژهەڵات بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا بەراود بە ساڵانی ڕابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بنکەی نشینگەی مەرزی باشماخیش ڕایدەگەیەنێت لە ڕۆژانی نەورۆزدا زیاتر لە 12 هەزار هاووڵاتی هاتون بۆ کوردستان.
بەپێی ئامارێکی بنکەی نشینگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ کە وێنەیەکی بۆ دواڕۆژ نێردراوە، تیایدا هاتووە لەماوەی ڕۆژانی (15/3 تا 26/3/2018) هاتنی گەشتیارانی ئێرانی (فارس و کوردانی ڕۆژهەڵات) بۆ بەسەربردنی کاتەکانی پشووەکانی جەژنی نەورۆز، 12 هەزار و 500 گەشتیاری تێپەڕاندووە.
دەشڵێن لە هەمان ماوەدا لە نەورۆزی ساڵی ڕابردوودا، ژمارەی هاتنی گەشتیارانی ئێرانی لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، نزیکەی 11 هەزار کەس بووە، هەروەها ژمارەی گەشتیارانی ئێرانی لەنەورۆزی ساڵی 2016 واتە دوو ساڵ لەمەوپێشیش لەنەورۆزدا نزیکەی 10 هەزار گەشتیار بووە.[1]
#27-03-2018#