دواڕۆژ، #زریان محەمەد#
بەمەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی و بەرزبوونەوەی نرخ، هاوردەی بەروبوومی پەلەوەری سنورداردەکرێت و جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت بەمەرجەکانی ڤێتێرنەری و تەندروستی بەرهەمەکان هاوردە دەکرێت.
رزگار حەمەد خدر، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئازار بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لیژنەی دیاریکردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانی کۆبوەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبووم و پێداویستییانەدا بکرێت کە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەکرێت.
وتيشیبە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەکراودا بڕیاردراوە کە ڕێگە بە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو نەدرێت لەبەرئەوەی بەرهەمی ناوخۆ توانای دابینکردنی بازاڕەکانی هەیە و پێویستی بە بەرهەمی بەستوو و هاوردەکراو نیە.
بەرپرسەکەی کشتوکاڵ ڕونیشیکردەوە بەهۆی هاتنی وەرزی زاوزێ و قەدەغەکردنی ڕاووکردنی ماسی و هاتنی وەرزی گەشتوگوزار، بڕیاردراوە 600 تەن ماسی هاوردەبکرێت تا پێداویستی و خواستی بەکارهێنەرەکان پڕبکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی ئەو بەروبومانەی لەم مانگەدا هاوردە دەکرێن بریتی یە لە 510 تەن هێلکەی خواردن و 500 تەن گۆشتی سور لەگەڵ هاوردەکردنی 15 هەزار سەر گوێرەکە بۆ هەرسێ مانگی داهاتوو.[1]
#27-03-2018#