بەناوی خودای مەزن و میهرەبان
(پەیامێک بۆ ڕای گشتیی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان)
ئەمڕۆ #01-04-2018# بە ئامادەبوونی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و دوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێزان بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەرو بەرپرسی هەموو فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانی و گفتوگۆکردن لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان و لایەنە سیاسییەکاندا؛ ئەم پەیامە پێشکەش بە ڕای گشتیی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین:
1. پشتیوانیی لە ماف و داوای ڕەوای خەڵک و موچەخۆران و خانەنشینان دەکەین.
2. سوپاسی ئەرک و هەوڵ و ماندوبوونی هەموو لایەک دەکەین بەتایبەتی خۆپیشاندەران کە وەک پارێزەری مافی ڕەوای خەڵک بەشێوەیەکی مەدەنیانە گوزارشتیان لە داواکانیان کردووە.
- سوپاسی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و چالاکییە مەدەنییەکان و پێشمەرگە دەکەین کە شیاوانە و بەرپرسانە پارێزگارییان لەخەڵک و سیستمی گشتیی و تەواوی چالاکییەکان کردووە و پارێزگاری ڕاستەقینەی سەرو ماڵ و ئارامیی و ئاسایشی خەڵک و پارێزگاکەش بوون.
- سوپاسی هەموو فەرمانگە و دامودەزگاکانی پارێزگاکەمان دەکەین کە لەگەڵ سەختیی ژیان و نەبونی مووچە و خزمەتگوزاریی پێویستدا، بەردەوامبوون و تائەمڕۆ نەیانهێشتووە خزمەتگوزاریی و مامەڵەی ڕۆژانەی هاوڵاتیان بوەستێت.
3. سیستمی پاشەکەوتی موچە لەسەرەتاوە بۆ ئێستا بەکارێکی نایاسایی و ناڕەوا دەزانین و دەخوازین لە زووترین کاتدا کۆتایی پێبێت، وەک ئەنجومەن و پارێزگاری سلێمانیش لە ڕابردو ئێستایشدا ئەم پەیڕەوەمان ڕەتکردۆتەوە.
4. هەر توندوتیژیی و بەریەککەوتنێک ڕەتدەکەینەوە، ئیدانەی هەر هەڵسوکەوت و لێدوانێکی نەشیاو و نابەرپرسانە و نایاسایی دەکەین لەلایەن هەر پایه و لایەن و کەسێکەوە بێت.
5. ناشەفافیی و دەخالەتی حیزبیی و نەبوونی پلانی ڕوون و زانستیی و دوورمەوداو دواتریش قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی دژی داعش و بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە، قەرزە ناقۆڵاکانی سەر حکومەت؛ سیستمی پاشەکەوتیان هێنایەکایەوەو بێمتمانەییان لەنێوان خەڵک و حکومەتدا دروستکرد، ئێستا کە هەموو ئەمانە بەپێی کارنامە و بەڵێنەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بەرەو چارەسەرو ئاسایبونەوە دەڕۆن و ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری خەزێنەکان کۆدەبێتەوە و بەپێی ڕێنمایی نوێ لیستی موچە ئامادە دەکرێتەوە، دوای تەواوبوونی ئەم پڕۆسەیە لەماوەی دوازدە ڕۆژی تردا خشتەی نوێی موچە بەم سیستمە نوێیە ڕادەگەیەنرێت، دەکرێت هەموو لایەکمان دەرفەتی دروستکردنەوەی متمانە بە حکومەت بدەین و بەوردی چاودێری جێبەجێبونی کارنامەکە بکەین کە تیایدا مانگانە موچە بەم پەیڕەوە نوێیە دابەشدەکرێت.
لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە موچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانیشدا حکومەت (40) ملیار دیناری تری بۆ دەگەڕێتەوەو دەیخاتە سەر سیستمی پاشەکەوت، پاشەکەوت لە ڕێژەی 10٪ بۆ 30٪ دەگۆڕێت بۆ 10٪ بۆ 18٪، ناوەڕۆکی ئەمەش بەفەرمی دەگاتە گشت دامودەزگاکان، دەخوازین حکومەتی ناوەندیش پابەندی تەواوی دابینکردنی موچه و بودجەی هەرێمی کوردستان بێت لە ئێستاو داهاتووشدا.
6. هەر لێرەوە، داوا لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین:
أ- پابەندبێت بەو کارنامەیەی بۆدابینکردن و دابەشکردنی موچە دیاریکردووە؛ تا ڕۆژی 12/4/2018.
ب- موچەی کەمئەندام و چاودێریی خێزانیی وەک خۆی لێبکرێتەوە.
پ- قەرزی حکومەت لای لایەن و کۆمپانیاکان بەخێرایی وەربگیرێتەوە و موڵک و ماڵ و داهاتەکانی خۆی باشتر کۆبکاتەوە.
ت- ئەو بڕیارو ڕێنماییە نایاساییانەی لە ڕابردودا دەرهەق بەهەندێک وەبەرهێن و کۆمپانیا بەدەر لە یاساکردونی بخاتەوە سەر ڕێچکەی یاسایی خۆی.
ج- قەرزی سەر کۆمپانیا نەوتییەکان بەڕونی؛ بە بڕو ماوه و لایەن و هۆکاری قەرزەکانیش ڕابگەیەنێت.
ح- داهاتەکانی ناوخۆ و نەوتی تانکەر و هەر داهات و کۆمەکێکی ناوخۆیی یان دەرەکیی بەڕونی ڕابگەیەنێت.
7. هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە؛ کە هیچ بڕیارو فەرمانێک بۆ سزادانی موچەخۆران لەئارادا نییە، هیچ دوورییەک لەنێوان داوای ڕەوای خەڵک و ئەرکی بەرپرسانەی دەزگاکاندا نییە.
8. لە 15/4/2018 هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێدەکات، پێویستە هەموولایەک ئەم هەڵمەتە بکەینە هەڵمەتێکی نیشتمانیی بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی کوردستان لە عێراقداو هەموولایەک پابەندبین بە هەڵمەتێکی مەدەنیانەی دوور لە توندوتیژیی.
9. وەک لە 5/2/2018دا پێمان ڕاگەیاندون؛ پێویستە هەموو دامودەزگا حکومییەکان بێلایەن بن لەم هەڵبژاردنەداو هیچ سەرمایەیەکی مرۆیی و ماڵیی و دارایی بۆ ئەم مەبەستە بەکارنەهێنن و پابەندی یاساو ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بن.
10. داوا لە مێدیاکان دەکەین؛ بەشداربن لە پاراستنی یاساو ئارامیی و ئاسایش و ئازادییەکان و جیاوازییەکان و دەرفەتێکی لەبار بۆ هەڵبژاردنەکان بڕەخسێنن، ڕۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی وتاری نیشتمانیدا ببینن و چاودێری وردی پرۆسەکەو هەموو لایەک بن، لە خەمی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و سەرخستنی هەڵبژاردنەکاندا بن.
11. داوا لە دامەزراوەو ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین ڕۆڵی خۆیان لە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵایەتیی و دروستکردنی زەمینەی ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و چاودێریکردنی پرۆسەکەدا ببینن و هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بخەمڵێنن.
12. داوا لە خەڵکی کوردستان و پارێزگاکەمان دەکەین ئەوانەی خۆیان لە سیستمی بایۆمەتری هەڵبژاردندا تۆمار نەکردووە، خۆیان تۆماربکەن و بەشدارییەکی کارایانە لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و هەر گۆڕانکارییەک کە دڵخوازی ئەوانە، لەڕێی هەڵبژاردنەکانەوە بێننەکایەوە.
13. داوا لە هەموو لایەن و لیست و قەوارە سیاسییەکان دەکەین؛ بە گیانێکی نیشتمانیانەی نوێوە، ئەم هەڵمەت و دۆخە بەڕێبکەن و وتارو ئیراده و ئامانجە نیشتمانییەکان یەکبخەن و سەربخەن، دەرفەتێکی نوێ بۆ ئاشتبوونەوه و لەیەکترگەیشتنێکی نیشتمانییانە بڕەخسێنن و سندوقەکانی دەنگدان بکەنە سەنگی مەحەک بۆ هەر بەرنامه و خواست و هەوڵ و گۆڕانکاییەک.
14. وەک هەمیشە ئەرکی خوێندن و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاسایش و ئارامیی لەئەستۆی هەموواندایە، دەخوازین لەپێناوی دروستکردنەوەی متمانەو نەوەستانی ژیانی گشتیدا تا کاتی دڵنیابوون لە سیستمی نوێ، خوێندنگاو نەخۆشخانەو تەواوی فەرمانگەکان بکەینەوه و بیانکەینە پێگەی چاودێریکردنی حکومەت و پاراستنی داوا ڕەواکان و کاراکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان، بەم شێوازە نوێیە درێژە بە هەر هەنگاوو چالاکیی و ناڕەزایەتییەکی مەدەنیانە بدەین.
پارێزگاری سلێمانی
#01-04-2018#