بەرپرسی ڕاگەیاندن لە پارێزگای #هەولێر# ڕایگەیاند، بەم نزیکانە 1000 خانووی گوندی کۆری لە شاری هەولێر بەسەر کرێنشیناندا دابەش دەکەن، کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینانیش، ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو خانووانەی تاوەکوئێستا تەوان نەبوون، دەخاتەڕوو. ئەویش پێدانی زەوی خانووەکەیە بە نرخێکی هەرزانتر.
پاش چاوەڕوانییەکی زۆر کە چەندین ساڵی خایاند، لە 5500 خانووی گوندی کۆری لە شاری هەولێر 1000 خانوویان تەواو بوون و ئامادەن بۆ دابەشکردن، بەڵام گرفتی 4500 خانووەکەی دیکە هەر دەمێنێ، کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان لە هەولێر پێشنیازێکی نوێ بۆ چارەسەری ئەو گرفتە دەخاتەڕوو، ئەویش پێدانی زەویی خانووەکەیە بەرامبەر پارەیەکی کەم.
هەمزە حامد، بەرپرسی ڕاگەیاندن لە پارێزگای هەولێر بە (رووداو)ی ڕاگەیاند، لە پلانی پارێزگای هەولێردایە بەم نزیکانە 1000 خانووی گوندی کۆری دابەش بکات و گوتی: ئەو 1000 خانووە بە خزمەتگوزارییەکانیشیەوە تەواو بووە و بەم نزیکانە کە لەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتووە دابەش دەکرێن.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر، باسی لەوەش کرد، ئەگەر ژمارەی ئەو کەسانەی ئامادەبوون خانووەکان وەربگرن، لە هەزار کەس تێپەڕی، ئەوا ئەو کاتە بەشێوەی تیروپشک خانووەکان دابەش دەکەن و گوتی هەر کەسێک ئامادەبێت خانوو وەربگرێت، جگە لەو 7000 دۆلارەی پێشتر داویەتی، دەبێت 12 هەزار و 700 دۆلاری دیکەش بدات، دیارە ئێستا هەموو کەسێک ئەو پارەیەی نییە، بۆیە پێناچێت ژمارەی داواکاری بگاتە هەزار کەس، ئەگەر ژمارەی داواکاری گەیشتە سەرووی هەزار کەس، ئەو کاتە بە تیروپشک دابەشی دەکەین. هەمزە حامد، ئاماژەی بەوەشدا لەکاتی دابەشکردنی خانووەکان تیروپشک هەر دەکەن، بەڵام ئەو کاتە بۆ ژمارەی خانووەکانی دەکەن تاوەکو بزانن کێ ژمارە چەندی بەردەکەوێت.
لەبارەی چارەنووسی 4500 خانووە تەواونەبووەکانی دیکەش، هەمزە حامد دەڵێت: پێشنیازی زۆر دەکرێت، بەڵام هیچی فەرمی لەو بارەیەوە نییە، بەدڵنیاییەوە ئەو گرفتە بێ چارەسەر نامێنێتەوە.
بەڵام کارزان ڕەسوڵ، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمەڵی داکۆکی لەمافی کرێنشینان لە هەولێر بە (رووداو)ی ڕاگەیاند، بۆ بەدواداچوونی ئەو 4500 خانووە تەواو نەبووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی بەشی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کرد و پێشنیازێکیان خستووەتەڕوو. کارزان گوتی: پێشنیازمان کرد ئەو 4500 کەسەی کە پێشتر 7000 دۆلاریان لێ وەرگیراوە، 1500 دۆلاری دیکەیان لێوەربگیرێت لە بەرامبەر ئەوەدا 220 مەتر زەوییان لە هەمان شوێن پێ بدرێت. ئەو 4500 کەسەی کە پارەی پێشەکییان داوە، بە پێشنیازەکەی ئێمە ڕازی بوون.
گوتیشی: ئەوەندەی پرسیارمان کردووە بەو جۆرە لە قازانجیانە، چونکە بە 8500 دۆلار دەبنە خاوەنی 220 مەتر زەوی، بۆیە پێشنیازەکەیان پێ خراپ نییە، لایەنی حکومەتیش گوتیان کار لەسەر پێشنیازەکەتان دەکەین، بەڵام هیچ بەڵێنێکی دیاریکراویان نەدا کە بەو جۆرەی لێبکەن.
خانووەکانی گوندی کۆری کە 5500 خانوو بوو، لە ساڵی 2013 بڕیاری دروستکردنی درا و بڕیار بوو لە 2015 تەواو بکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەواو نەکران، نرخی خانوویەک 40 هەزار دۆلارە. کڕیار پێشەکی 7000 دۆلاری لێوەرگیراوە، ئێستاش هەزار خانووی تەواو بووە، هەر کەسێک مەبەستی بێت خانووەکەی وەربگرێت دەبێت 12هەزار و 700 دۆلار بدات، ئەو پارەیەی کە دەمێنێتەوە بە ماوەی 10 ساڵ لێی وەردەگیرێتەوە، کە مانگانە 164 دۆلارە.[1]
#02-04-2018#