دواڕۆژ، #عیسا عەبدولقەهار#
بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، لە شارەکانی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار منداڵی ئۆتیزم هەیەو ساڵانەش ڕێژەکەی بەشێوەیەکی مەترسیدار لەزیادبووندایە.
لەڕۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم، کە ئەمڕۆ دووشەممە 2ی نیسانی 2018 لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئاماری ساڵانەی ئۆتیزم ڕاگەیەنرا.
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، ڕێژەی منداڵانی ئۆتیزم لەهەولێر 900 تاکو 980 منداڵی تێپەڕاندووە، هەروەها لە سلێمانی و هەڵەبجە گەیشتۆتە هەزارو 250 منداڵ و لە دهۆکیش نزیکەی 800 حاڵەت هەیەو کۆی گشتی منداڵی ئۆتیزم زیاتر لە سێ هەزاری تێپەڕاندووەو ساڵانەش بەرێژەی بەرچاو منداڵی ئۆتیزم لە کوردستان زیاد دەبێت کە بە مەترسی هەژمارکراوە.
هەر بەپێی ئامارەکە، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 80 خێزان کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە بەشێوەی قاچاغ و بەڕەسمی سەری خۆیان هەڵگرتووەو چوونەتە دەرەوەی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی منداڵەکانیان، هەروەها 12 خێزانی تر بەهۆی بوونی منداڵی ئۆتیزم لەیەک جیابوونەتەوەو 8 حاڵەتی ونبوونی منداڵی ئۆتیزمیش لەماوەی ساڵی ڕابردوو تۆمارکراوە.
کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ڕەوشی ئەو خێزانانەی کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە زۆرخراپە، بۆیە داواکارین حکومەتی هەرێم مووچە بۆ ئەو منداڵانەی ئۆتیزم دابین بکات کە تەمەنیان 9 ساڵە هیچ مووچەیەکیان نییە، چونکە ڕێژەی 40%ی کۆی منداڵی ئۆتیزم پێکدێنن.
لەبارەی کردنەوەی سەنتەری ڕاهێنان بۆ ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە، نەرمین قادر بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند حکومەتی هەرێم مووچەی 90 هەزاری بۆ منداڵی ئۆتیزم دابینکردووە، هەروەها سێ سەنتەری ڕاهێنان لە شارەکانی هەرێم هەیە، بەڵام بەداخەوە تەنیا 70 منداڵ لەو سەنتەرانە جێکراونەتەوەو داوامانکردووەو سەنتەری تر بکرێتەوە.
وتیشی ئێمە توانیومانە مۆڵەت بەو کەسانە بدەین کە فەرمانبەرن و منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، ئەگەر هەر خێزانێکیش دوو منداڵی ئۆتیزمی هەبێت ئەوا مۆڵەتەکە بە دایک و باوکی منداڵەکە دەدرێت بۆئەوەی چاودێری منداڵەکەیان بکەن.
ئۆتیزم، بریتییە لە تێکچوونی گەشەی مێشک و ئاڵۆزبوونی دەمارەکانی مێشک لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵ، کە ئەمەش کاردەکاتە سەر فەرمانەکانی مێشک و کەمیی گەشەیان و دەبێتەهۆی لاوازیی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و تێکچوونی ڕەفتاریان و درەنگ کاردانەوەیان بۆ کەسان و دەوروبەری خۆیان.[1]
#02-04-2018#