حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر پێدانەوەی قەرزەکانی تورکیا مانگانە بڕی 35 ملیۆن دۆلار دەداتەوە حکومەتی تورکیا، وەزیری دارایی و ئابووریش ئاماژەبەوەدەکات، ئەگەر قەرزەکان نەدرێتەوە سووی دێتەسەر.
بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ لەمانگی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە هەرێمی کوردستان له و بڕە نەوتەی کە هەناردەی دەکات کە ڕۆژانە 336 هەزار بەرمیل نەوتە و لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەدەکرێت، قەرزەکانی سەری کە زیاتر لە 2 ملیار دۆلارە دەداتەوە حکومەتی تورکیا، ئەمەش دوای ئەوەدێت تورکیا هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە نەوتی هەرێمی کوردستانی کرد، ئەگەر قەرزەکانی پێنەدرێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دواڕۆژ کەوتووە، قەرزەکانی هەرێمی کوردستان بەشێکی لە ساڵەکانی 2015 و 2016 بەشێوەی کاش بۆ پێدانی موچە وەرگیراوە، بەشێکیشی پەیوەستە بە پێنەدانی کرێی تێپەڕبوونی نەوتی هەرێم بە ناو خاکی تورکیا کە بۆ هەر بەرمیلێک 1 دۆلاری ئەمریکییە.
دواڕۆژ زانیویەتی قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان سێ جۆر قەرزە و مانگانە بەم شێوەیەی خوارەوە دەدرێتەوە:
1. بڕی 125 ملیۆن دۆلار دەدرێتەوە بە قەرزی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە حکومەتی هەرێم پارەی پێشوەختەی لێوەرگرتوون لەبری فرۆشتنی نەوت.
2. بڕی 25 ملیۆن دۆلار خەرجی گواستنەوەی نەوت.
3. بڕی 35 ملیۆن دۆلار مانگانە قەرز دەدرێتەوە بە حکومەتی تورکیا.
رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان چوارشەممەی ڕابردوو 28ی نیسان لەمیانەی دیمانەیەکیدا لەگەڵ نوێنەری دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوەکرد، بەشێکی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدرێتەوە قەرزی وڵاتی تورکیا و کۆمپانیاکان.
وتیشی ئەگەر قەرزەکانی حکومەتی تورکیا نەدرێتەوە، ئەوا بەپێی گرێبەستەکە ئه و قەرزە پارەی زیادە (سووی) دێتەسەر.[1]
#04-04-2018#