دواڕۆژ، #ڕێبین حەسەن#
بەهۆی هەبوونی ڕێژەیەکی زۆر لەمین، قەزای #پێنجوێن#، پلەی یەکەمی هەیە بەڵام تاکو ئێستاش هیچ بەڕێوەبەرایەتییەک یان لقێکی تیا نییە کە تایبەت بێت بەبواری مین.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی نیسان، بە ڕۆژی جیهانی مین ناسراوە لە جیهاندا و لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی ناسێنراوە.
ئەحمەد فەتاح، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە سلێمانی، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لەماوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان (عێراق – ئێران)، واتە لەماوەی ساڵانی (1980 – 1988) بە هۆی ئەوەی ڕێژەیەکی بەرچاو لەزەویەکانی سنووری قەزای پێنجوێن مینڕێژکراون، بۆیە تاوەکو ئێستا زیاتر لە (60) ملیۆن مەتر دووجا مینی تێدایە.
وتیشی تاکو ئێستا توانراوە نزیکەی (9) ملیۆن مەتر دووجا لەمین پاکبکرێتەوە، کە ئەوەش دەکاتە ڕێژەی تەنیا لە (15%) و بەو هۆیەشەوە، پێنجوێن، پلەی یەکەمی هەیە لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لەمیندا، هەروەها بەهۆی سەختی ناوچەکە و سارد بوونی کەشوهەوا، ساڵانە تەنیا دەتوانرێت نزیکەی شەش مانگ کار لەسنوورەکەدا بکرێت.
هاوکات زانا ڕەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن بۆ دواڕۆژ ئاماژەی بەوەکرد بەداخەوە سەرباری هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لەمین لەسنووری قەزاکەماندا کە ناوچەیەکی بەرفراوانی سنووریە لەگەڵ وڵاتی ئێراندا لەماوەکانی ڕابردوودا، چەندین جار هەوڵمان داوە و داوامان لەلایەن پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم کردووە، کە لقێک یان بەڕێوەبەرایەتیەکی تایبەت بەکاروباری مین لەسنوورەکەماندا بکرێتەوە، بەڵام ئێستاشی لەسەر بێت ئەو کارە نەکراوە.
وتیشی چەندین جار لەلایەن دەزگای گشتی کاروبای مین لە هەرێمی کوردستان پێمان ڕاگەیاندراوە، ئەو کارە پەیوەندی بەقەیرانی داراییەوە هەیە و پێویستە بینای تایبەت بکرێتەوە و کارمەندی بۆ دابمەزرێت، هەر کاتێکیش قەیرانەکە ئاسایی بوەوە، ئەوا یەکەم کارمان کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی مین دەبێت لەپێنجوێن.
هاوکات بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە سلێمانی، کە وێنەیەکی دراوەتە دواڕۆژ تێدا هاتووە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، نزیکەی (15) هەزار قوربانی بەهۆی مینەوە هەیە، لەو ڕێژەیەش زیاتر لە (9) هەزار کەسیان لەسنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەریەتی. هاوکات بەتەنیا لەسەر ئاستی قەزای پێنجوێن، زیاتر لە هەزار کەس شەهید و کەمئەندام بوون بەبۆنەی مینەوە، تاوەکو ئێستاش مەترسیی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ناوچەکە و بەتایبەتیش گوندە سنوورییەکان هەیە.
قەزای پێنجوێن نزیکەی 98 کیلۆمەتر لەشاری سلێمانیەوە دوورە و یەکێکە لەناوچە سنوورییەکان و ڕووبەڕێکی بەرفراوانی لەگەڵ شارەکانی (مەریوان، سەقز، بانە)ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و نزیکەی هەزار و 200 کیلۆمەتر لەئاستی دەریاوە بەرزە.[1]
#04-04-2018#