#وەزارەتی کشتوکاڵ#ی هەرێمی کوردستان لیستی ئەو بەروبوومە کشتوکاڵییانەی کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن بڵاوکردەوە، تیایدا ئەو ڕێژەیە کە ئەمساڵ باج دەخرێتە سەریان ئاشکراکردووە، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆکاری ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ بتوانێ کێبڕکێی بەرهەمی هاوردەکراو بکات.
سامان عەبدوڵڵا، کاسبکار دەڵێت ئێستا بەرهەمی ناوخۆ نرخی هەرزانترە، بەڵام خواستی خەڵکی لەسەر بەرهەمی هاوردەکراوە، چونکە بەرهەمە هاوردەکراو باشتر و جوانترە، بۆنموونە ئێمە تەماتەی هاوردەکراومان هەیە دەتوانیت بۆ ماوەی هەفتەیەک لەساردکەرەوەدا هەڵیبگرین و هیچی لێنەیەت، بەڵام بەرهەمی ناوخۆ توانای هەڵگرتنی نییە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک.
باجی سەر بەروبوومی هاوردەکراو بەکیلۆ بەم شێوەیەیە: کولەکە 300 دینار، خەیار 350 دینار، پیاز 250 دینار، پەتاتە 350 دینار، شوتی 250 دینار، قارچک 1000دینار.
هەندێک لەو باجانە لەسەرەتای ئەم مانگەوە جێبەجێدەکرێن و بۆ هەر بەرهەمێک بەپێی ئەو کاتەی کە بەرهەمی ناوخۆ پێدەگات، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت ئەو باجەی خراوەتە سەر بەرهەمی هاوردەکراو بەتایبەتی بەرهەمی پەتاتە و خەیار، خواستی لەسەر کەمبووەتەوە لەبەرئەوەی بەرهەمی ناوخۆ زیادیکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کاریگەری نەبووە لەسەر ئەوەی کەبەرهەمی دەرەکی هاوردە نەکرێت.
کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی، باس لەوە دەکەن لەڕووی کوالێتییەوە بەرهەمی ناوخۆ ناتوانێت ڕکابەری بەرهەمی بیانی بکات، ئەویش زیاتر بەهۆی خراپ هەڵگرتن و گواستنەوە و عەمبارکردنەوەیە.[1]
#08-04-2018#