زیاتر لە دوو ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان، مووچەی 80 هەزار نەخۆشی درێژخایەنی بڕیوە، وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیش ڕایدەگەیەنێت، داوای گەڕانەوەی 13 ملیار دیناری نەخۆشیە درێژخایەنەکانیان کردووە.
بەپێی ڕێنمايیەکی پێشووتری حکومەتی هەرێم هەر نەخۆشێکی سیل، شێرچەنجە، چاندنی گورچیلەو نەخۆشیە درێژخایەنەکانی بەگشتی، ئەگەر ڕێژەی نەخۆشیەکە لەسەروی 75%بوایە مانگانە بری 150هەزاری لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی پێدەدرا، وەک هاوکارییەک بۆ هاتوچۆکردنی نەخۆش و کڕينی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، بەڵام ماوەی دوو ساڵە ئەو مووچەیە بڕاوە.
هەمزە مەغدید، وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، بۆ دواڕۆژ ئەوەدەخاتەڕوو، ئەو مووچەیە حکومەتی هەرێم وەک هاوکاری مانگانە دەیدایە ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، یان پەککەوتەو چاودێری خێزان بوون، ئەوانەی نەخۆشییەکەیان لەسەروی 75% بوو.
ئاشکراشیکرد، ئەو نەخۆشانەی کە ئەو مووچەیەیان وەردەگرت، 80 هەزار کەس بوون، کە کۆی ئەو پارەیەی مانگانە دابەشدەکرا بەسەریاندا بری 13 ملیار دینار بوو.
وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ڕوونیشیکردەوە، بەبڕیاری حکومەت لە سەرەتای ساڵی 2016وە ئەو مووچەیە ڕاگیراوەو تا ئێستاش نازانرێت کە ئەو مووچەیە دووبارە دەست بەدابەشکردنی دەکرێتەوە یان بە تەواوەتی براوە، بەڵام هۆکاری ِڕاگرتنەکەش قەیرانی دارایی بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو مووچەیە هاوکارییەکی باش بوو بۆ ئەو نەخۆش و پەککەوتانەی کە توانای کارکردنیان نەبووە، وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیش بۆ ئەو مەبەستە داوای 13 ملیار دینارەکەی لە حکومەت کردووە.[1]
#08-04-2018#