عادل عوسمان، لە گەڕەکی کانی سپیکەی شاری #سلێمانی#، سێ ڕۆژ پێش جەژنی نەورۆز بۆ کڕینی هەندێ پێداویستی ڕوو لە بازاڕێکی نزیک ماڵی خۆیان دەکات، بەڵام کاتێک دەگەڕێتەوە تووشی شۆک دەبێ کە دەبینێ ئۆتۆمبێلەکەی لەبەر دەرگا نەماوە. ئەوەی عادلی ترساندووە، ئەو دەنگوباسانە بووە کە پێشتر لەبارەی دزینی ئۆتۆمبێلی پیکابی دەبڵ ئەکسل بیستبووی :خێرا پۆلیسم ئاگادار کردەوە، ئەوان گوتیان ئەگەر ئۆتۆمبیلەکەت تویۆتا پیکابی دەبڵ ئەکسل بێت دزراوە.
پۆلیس بەو هاووڵاتییەی گوتبوو کە جگە لە ئۆتۆمبێلەکەی ئەو، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا 25 پیکابی دەبڵ ئەکسل دزراون. عادل هەوڵی زۆری دا بۆ دۆزینەوەی ئۆتۆمبیلەکەی، بەڵام لە کۆتاییدا نائومێد بوو هیچ سەرەداوێکم دەستنەکەوت.
عادل عوسمان، تەنیا کەس نییە لەم ماوەیەدا ئۆتۆمبێلی دزرابێ. ئاسۆ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی پشتڕاستی کردەوە کە چەندین حاڵەتی دزینی ئۆتۆمبێلی جۆری تویۆتا پیکابی دەبڵ ئەکسل هەبووە و چەند کەسێکیشیان بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیر کردووە، بەڵام هیچ ئامارێک ئاشکرا ناکات.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیس، بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە هەڵدەوەشێندرێنەوە و پارچەکانیان دەفرۆشرێنەوە. بەشێکیان لە شارەکانی عێراق ساخ دەکرێنەوە. هەندێکیشیان لە ناوچە سنوورییەکان دەفرۆشرێن.
زۆربەی ئەو پیکابانەی دەدزرێن، مۆدیلەکانیان لە نێوان 2006 بۆ 2015 دایە، نرخەکانیشیان بەگوێرەی مۆدیل و تایبەتمەنییان لە نێوان 14 هەزار بۆ 26 هەزار دۆلار دەبێت.
زۆربەی ئەوانەی خاوەنی تۆیۆتای دەبڵ ئەکسلن، زۆر ڕێگا دەگرنە بەر بۆ شاردنەوە یاخود قوفڵکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان، بەشێکیان بە ڕۆژ و شەو ئۆتۆمبێلەکانیان لەنێو گەراج دەوەستێنن، بەشێکی دیکەیان لە ڕێگەی دانانی پلاکی بڕینی کارەبای ئۆتۆمبێلەکەوە، ڕێگە لە دزینی ئۆتۆمبێلەکانیان دەگرن.
دلۆڤان حوسێن، خاوەنی فرۆشگای پارچەی کارەبایی ئۆتۆمبێلی ژاپۆنیە لە سلێمانی، باس لەوە دەکات کە ئامێرێکیان لایە لە بازاڕدا پێیدەڵێن جی پی ئێس، لە ڕابردوودا بە نرخی 30 بۆ 40 دۆلار دەیانفرۆشت و کڕیاریشی نەبوو بەڵام ئێستا بەهۆی دزینی ئۆتۆمبێلەوە 300 دۆلاری تێپەڕاندووە.
وەک ئەو کاسبکارە باسیدەکات، ئەو ئامێرە لە جێگەیەکی نهێنی ئۆتۆمبێلەکەدا دەشاردرێتەوە و سیمکارتی مۆبایلیشی تێدا دادەنرێ لەکاتی دزینی ئۆتۆمبێلەکەدا و بەهۆی ئەو سیمکارتەوە شوێنی دزەکان دەدۆزرێتەوە و دەتوانرێ ئەو شوێنە ئاشکرا بکرێ کە ئۆتۆمبێلەکەی بۆ براوە.
دزینی ئۆتۆمبێل بووەتە سەرئێشە و دڵەڕاوکێی زۆر بۆ بازرگانانی ئۆتۆمبێل. کارزان عەلی کە لە پێشانگای ئۆتۆمبێل کار دەکات، دەڵێت ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دزراون، سەرجەمیان لەڕێگەی ئیشپێکردنەوە بووە ژمارەی شاسیی ئۆتۆمبێلەکە دەگرن، دواتر لە ڕێگەی ئەو ژمارەیەوە سویچی بۆ دروست دەکەن و ئۆتۆمبێلەکەی پێ دەدزن.
ئێستا خەڵک دەسڵەمێنەوە لەو ئۆتۆمبێلانەی کە تەنانەت یەکێک لە سویچەکانیشی ون بووبێ. بەپێی قسەکانی کارزان، ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا پیکابی دەبڵ ئەکسل، سێ سویچی هەیە، لەکاتی کڕین و فرۆشتندا هەر ئۆتۆمبیلێک سویچێکی کەم بێت، کڕیار نایکڕێت لە ترسی ئەوەی لەو ڕێگەیەوە ئۆتۆمبێلەکەی بدزرێ.[1]
#09-04-2018#