دواڕۆژ، #سامان قوبادی#
بەردەوام بەهای لیرەی تورکی و تمەنی ئێرانی ڕووی لە دابەزینە، هۆکارە سەرەکییەکەیش دەگەڕێتەوە بۆ خەرجیە سەربازییەکانی ئه و دوو وڵاتە، بە تایبەت لە یەمەن و سوریا. هاوکات ناجێگیری بەهای ئه و دوو دراوە کاریگەریی زۆری لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش دروست دەکات.
$بەهای تمەن و لیرە بەرامبەر بە دۆلار$
سەبارەت بە بەهای تمەنی ئێرانی و لیرەی تورکی لە بازاڕەکاندا، جەبار گۆران بەڕێوەبەری کۆمپانیای فەرەیدون بۆ ئاڵوگۆڕی دراو بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ئەمڕۆ 2 شەممە 9ی نیسان، نرخی 100 دۆلار بەرامبەر بە 562 هەزار تەمەنی ئێرانییە، هەروەها بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە 400 لیرەی تورکییە.
روونیشیکردەوە کە دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بەهۆی ئه و خەرجییانەوەیە کە لە گروپە چەکدارییەکاندا دەیانکات. هاوکات گەمارۆی ئابوریی ئەمریکا کاریگەریی هەیە. هۆکارێکی تری لاوەکیش کەمی باران و وشکەساڵییە له و وڵاتە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی هەناردەی ئه و وڵاتە.
جەبار گۆران وتیشی داگیرکردنی عەفرین و زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکان کاریگەریی لەسەر دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی هەبووە، جگەلەوەش چوونی گەشتیار بۆ ئه و وڵاتە لەمساڵدا کەمتر بووە، بەڵام تا بەهای دراوی ئه و وڵاتانە زیاتر دابەزێت بە قازانجی هەرێمی کوردستانە، چونکە وڵاتێکی هاوردەین، هاوکات زیانی ئابوری گەورە له و دوو وڵاتە دەدات.
$خەرجییە سەربازییەکانی ئێران و تورکیا لە 2018دا$
لەکاتێکدا باس لەوە دەکرێت خەرجییە سەربازییەکان هۆکارێکی سەرەکین بۆ دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و تمەنی ئێرانی، لەمساڵدا ئه و دوو وڵاتە لە بودجەی گشتیدا خەرجی سەربازییان زیاتر کردووە.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە بودجەی ساڵی 2018 دا زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری بۆ خەرجییە سەربازییەکانی تەرخانکردووە، بەتایبەت بۆ پشتیوانی گروپە چەکدارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەهەمانشێوە حکومەتی تورکیا لە بودجەی ئەمساڵدا زیاتر لە 23 ملیار دۆلاری بۆ خەرجی سەربازیی تەرخانکردووە، هەر لەمساڵدا سوپای ئه و وڵاتە بە پشتیوانی گروپە چەکدارەکان شاری عەفرین-یان داگیر کرد، ئەمە جگە لە ڕووبەڕووبونەی چەکداری لەگەڵ پارتی کرێکاری کوردستان(پەکەکە)، هەموو ئەمانە کاریگەریی لەسەر زۆربوونی خەرجییە سەربازییەکانی هەبووە. هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی بەبێ توانا وەسف کرد بۆ ڕێگرتن لە دابەزینی زیاتری نرخی لیرەی تورکی و لەوەیشدا کە بوونەتە هۆکاری سەرەکی دابەزینی دراوی ئه و وڵاتە.
$هۆکارەکانی دابەزینی لیرە و تمەن$
لە وەڵامی چەند پرسێکدا سەبارەت بە هۆکارەکان و چۆنیەتی گەڕاندنەوەی هاوسەنگی دراوەکانیان بەرامبەر بە دۆلار لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی هەردوو وڵات و سوود و قازانجەکانی ئەم قەیرانە، چێنەر ئەسعەد مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ئابوری، بۆ دواڕۆژ دەڵێت دابەزینی بەهای دراو دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار، یەکەمیان ناوخۆییە، چونکە ئه و دەوڵەتانە دەیانەوێت لەڕێگەی دراوەکانیانەوە کۆمەڵێک ئامانجی ناخۆیی بەدەستبهێنن، ئەوانیش بریتین لەوەی کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتانە کاتێک دەچنە بواری ڕکابەرییەوە، بەهۆی ئەوەی زۆرترین بەرهەمیان هەیە دەتوانن زۆرترین داهاتیان دەست بکەوێت.
هاوکات دەتوانن بڕێکی زۆری دۆلار بەدەستبێنێت لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، لەهەمانکاتدا یەدەگی پارە بیانییەکان لای خۆیان زیاد بکەن. ئه و مامەڵانەی لەناو ئێراندا دەکرێت بە دراوەکەی خۆی، بەدەر لە ڕازیکردنی خەڵک، دەتوانێت ئه و قەرز و تێچوانەی کە هەیەتی وەریبگرێتەوە. بۆ نموونە سەرمایەدارێکی ئه و وڵاتە کە قەرزاری حکومەتە لەهەمانکاتدا پارەیەکی زۆری لە بانکەکانی دەرەوە هەیە، بۆیە کاتێک دەیگەڕێننەوە بۆ ئێران، بەرامبەر بە دۆلار تمەنێکی زۆری دەستدەکەوێت و قەرزەکانی دەداتەوە، بەمەش حکومەت قەرزەکانی وەردەگرێتەوە.
سەبارەت بە هۆکارە دەرەکییەکانیش، چێنەر ئەسعەد دەڵێت لەئێستادا ئێران و تورکیا دەیانەوێت کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی و سەربازیی بپێکن، هەر کاتێک بیانەوێت بەهای دراوەکەیان بەرز بکەنەوە، جارێکی تر سیاسەتی بازرگانی ئه و وڵاتانە دەکەوێتە ژێر پرسیار و مەترسییەوە.
$شەری عەفرین و یەمەن$
لەبارەی زیانە ئابورییەکانی ئەم حاڵەتە بۆ تورکیا و ئێران، هاوکات تاکەی دابەزینی دراوی ئه و دوو وڵاتە بەردەوام دەبێت، ئه و پسپۆڕەی بواری ئابوری دەڵێت بانکی ناوەندی لەسەر کۆمەڵێک سیاسەت کار دەکات، بەر لە هەموو شتێک ئێستا کە لە وەرزی گەشتیاریداین و گەشتیار دەچنە ئه و دوو وڵاتە، بۆیە ئاساییە بەهای دراوەکەی دابەزێنێت.
جەختیشیکردەوە، جگەلەوە خەرجیی سەربازیی، کە خۆی لە کڕینی چەک و تەقەمەنیدا دەبینێتەوە، تورکیا و ئێران لە ماوەی ڕابردوودا تێچوویەکی زۆری سەبازییان هەبووە بۆ شەڕی عەفرین و یەمەن، هەرچەندە تورکیا کێشەیەکی ئەوتۆی نییە، چونکە داهاتێکی زۆری دەستدەکەوێت، لەهەمانکاتدا بە داگیرکردنی چەند ناوچەیەک دەسەڵاتی بازرگانیی فراوانتر دەبێت. بۆیە هەردوو وڵاتەکە بەهۆی ئەوەی تێچووی سەربازییان زیادی کردووە، بەهای دراوەکانیان دابەزیووە.
$کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی هەرێم$
دەربارەی ئاستی کاریگەریی ئه و دابەزینەی نرخی دراوە تورکی و ئێرانیەکان لەسەر هەرێمی کوردستان، چێنەر ئەسعەد پێیوایە هەرێم تووشی سیاسیەتی نغرۆکردنی بازاڕ(أغراق) بووە، واتە بازاڕی هەرێمی کوردستان بە کاڵای تورکی و ئێرانی داگیرکراوە، بەهۆی ئەوەی لێرە وەبەرهێنانی بیانی دەکرێت، بەمەیش کەرەسەی خاوی هەرێم دەبەن و دەیکەنەوە بە کاڵا و دووبارە پێمان دەفرۆشنەوە، واتە لە یەک مادەدا دووجار قازانجی ئابوریی دەکەن، جگە لەوەش دەستی کاری ئێمە بیر لە ڕاکردن دەکاتەوە، چونکە ناتوانن لێرە کاربکەن و ڕکابەری وەبەرهێنانی بیانی بکەن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە.[1]
#09-04-2018#