لە دەستپێکی شەڕی سووریا هاتاکو ئیستا سەدان هەزارهاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 700 هەزارکەس بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و ئاوارەبوون.
پانوس مۆومتزیس جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی هاوکاریی مرۆیی سووریا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بە هۆی درێژەکێشانی شەڕی سووریاوە نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی ئاوارەکان و زۆربوونیان خستەڕوو.
مۆومتزیس دەستنیشانی کرد، لەسەرەتای ساڵی 2018 تاوەکو ئێستا 700 هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێهێشتووە. وئاشکرای کرد، نزیکەی 400 هەزار هاووڵاتی لە ئیدلب جێگیر بوون.
مۆومتزیس باسی ئەوەشیکرد، بەهۆێ ئۆپراسیۆنی سەربازیی ڕژیمی ئەسەد بۆسەر غوتەی ڕۆژهەڵات 133 هەزار کەس کۆچیان کردووە، ئەوی کە ماوەتەوە خەڵکی #عەفرین#ن کە بە هۆی هێرشی داگیرکارانەی سوپای تورکیا لە عەفرین کۆچیان کردووە.
لە ساڵی 2011 کە شەڕی سووریا دەستی پێکردووە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە سوریا ئاوارە بوون و ڕوویان لە وڵاتانی دیکە کردووە، 10 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.
تا ئیستا ئامارێکی ڕاست لە ژمارەی کوژراوانی شەڕی سووریا ئاشکرا نەبووە، بەڵام ڕیکخراوەی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، باس لە کوژرانی بەلانیکەم 340 هەزار هاووڵاتی دەکات.
هەروەها بە هۆی شەڕی سووریاوە زیاتر لە 12 ملوێن کەس پێویستیان بە هاوکارییە.[1]
#11-04-2018#