هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق پارەی ئیدارەی #کەرکووک# قەرزدارن، ئیدارەی کەرکووک-یش نزیکەی یەک ملیار دینارقەرزداری ئەو بەڵێندەرانەن، کە پرۆژەیان بۆ شارەکە ئەنجامداوە.
بەهۆی هەبوونی چەندین کێڵگەی نەوت، کەرکووک بەیەکێک لە شارە دەوڵەمەندەکانی عێراق و جیهان دادەندرێت، بەڵام تا ئێستا نەتواندراوە سود لە داهاتی ئه و شارە بۆ هاوڵاتیانی کەرکووک وەربگیردرێت، چونکەئەوەی لە ڕابردوودا حکومەتی هەرێم و لە ئێستاشدا حکومەتی عێراق دەستیان بەسەر داهاتەکەیدا گرتووە.
بە پێی ئه و بەدواداچوونەی ڕۆژنیوز ئەنجامیداوە، حکومەتی عێراقی دەستی بەسەر زیاتر لە 500 ملیار دیناری شایستە دارییەکانی کەرکووکدا گرتووە، هەروەها حکومەتی هەرێمیش 51 ملیار دیناری بودجەی پترۆ دولاری لایە.
دوای نزیکبوونەوەی چەتەکانی داعش لە شاری کەرکووک لە ساڵی 2014، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستی بەسەر بیرە نەوتەکانی هاڤانا و بای حەسەن-دا گرت و هەناردەی دەکرد، بڕیار بوو مانگانە بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەک بودجەی پترۆ دۆلار ڕەوانەی شارەکە بکات، چەند جارێک ئه و بڕە پارەیەی نارد، بەڵام دواتر ڕایگرت و ئێستا بڕی 51 ملیۆن دۆلار لای حکومەتی هەرێمە و دەستی بەسەردا گیراوە.
هەروەها، بە بیانووی شەڕی داعش و ڕووبەڕونەوەی هێزە عێراقییەکان لەگەڵ داعش، ماوەی چوار ساڵە حکومەتی عێراق هیچ بڕە پاریەکی وەک شایستەی داریی بۆ پارێزگاکە نەناردووە، کە دەکاتە بڕی 500 ملیارد دینار.
نەناردنی پارەت پترۆدۆلار و شایستە داراییەکان بۆ کەرکووک، ئیدارەی پارێزگای کەرکووک-ی قەرزداری بەڵێندەرەکانی شارەکە کردووە لەبەرامبەر ئەو پرۆژانەی ئەنجامیانداوە، کە بریتییە لە بڕی یەک ملیارد دینار، بۆیە ئیدی ناتواندرێت هیچ پرۆژەیەکی دیکەی خزمەتگوزاریی بۆ کەرکووک ئەنجام بدرێت.
لەوبارەیەوە، ئازاد جەباریی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ڕۆژنیوزی وت:هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق، غەدر لە شاری کەرکووک دەکەن، نەوتەکە دەبەن و پارەکەی ناگەڕێننەوە، بەهۆی ململانێی نێوان، شارەکە باجی قورس دەدات.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە ساڵی 1928 ەوە دەست بە دەرهێنانی نەوت کراوە لە کەرکووک، بیری باباگوڕ گوڕ، یەکەم بیرە نەوتی شارەکەیە کە نەوتی تێدا دەرهێندرا، دوای 90 ساڵ لە دەرهێنانی نەوت لە شارەکە، تا ئێستاش کەرکووک لە خراپترین ئاستی خزمەتگوزراییدایە و هاوڵاتیان لە مافە سەرەتاییەکان بێ بەشن.[1]
#11-04-2018#