هەردوو حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان باج لەسەر کۆمەڵێک بەروبومی کشتوکاڵی و ماددەی کحولی زیاددەکەن.
#وەزارەتی کشتوکاڵ# و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی بەمەبەستی ڕێگریکردن لە هەرزانبوونی بەرهەمی ناوخۆیی و سوود گەیاندن بە جوتیاران باجی زیاتری خستەسەر ئەو بەروبوومە کشتوکاڵییانەی لە دەرەوە هاوردەدەکرێن.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، لیستی ئەو بەروبوومە کشتوکاڵییانەی کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن بڵاوکردەوە، تیایدا ئەو ڕێژەیە کە ئەمساڵ باج دەخرێتە سەریان ئاشکراکردووە، بەشێوەیەک باجی سەر بەروبوومی هاوردەکراو بەکیلۆ بەم شێوەیەیە: کولەکە 300 دینار، خەیار 350 دینار، پیاز 250 دینار، پەتاتە 350 دینار، شوتی 250 دینار، قارچک 1000 دینار.
بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، هەندێک لەو باجانە لەسەرەتای ئەم مانگەوە جێبەجێدەکرێن و بۆ هەر بەرهەمێک بەپێی ئەو کاتەی کە بەرهەمی ناوخۆ پێدەگات، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەربەپێی بڕیارێکی حکومەتی عێراقی، کە وێنەیەکی بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم و دەروازە سنوورییەکان نێردراوە، پێویستە پابەندبن پێوەی. باجی سەر ماددە کحولییەکانیش بە گشتی لەسەدا 200 زیادکراوە، باجی سەر ماددە شیرنەمەنییەکانیش لە 25% زیادکراوە.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی لەوبارەیەوە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لەبارەی زیادکردنی باج لەسەر هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەی چەند ساڵێکە لە وەرزە جیاجیاکاندا و لەکاتی پێگەیشتنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، باج لەسەر هەندێک له و بەرهەمانە دادەنێت و هەندێک بەرهەمیش بەدرێژایی ساڵ باجی لەسەر دانراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئه و ڕێنماییانەی دراوەتە گومرگەکان بۆ هەر کیلۆیەک سەوزە و میوە (250 بۆ 350) دینار باج وەردەگیرێت، ئەمەش بۆ ئەوە دانراوە کە بتوانرێت بەروبومی بیانی کەمبێتەوه و بەروبومی ناوخۆیی ڕکابەری بەروبوومی دەرەکی بکات.
ئاماژەی بەوەشدا، لە دوای ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەی جوتیاران وەزارەتی کشتوکاڵ باجی زیاتری خستە سەر هەندێک جۆری بەرهەمی وەکو خەیار و پیاز و شوتی و کولەکە کە بۆ هەر کیلۆیەک (100 بۆ 150) دیناری دیکەی خستەسەر بۆ ئەوەی جوتیاران سودمەندبن.
لەبارەی بڕیارەکەی بەغدا، ناوبراو، وتیشی بەپێی دەستوور بەرێوەبردنی گومرگ بەهاوبەشی هەردوو لایەنی بەغدا و هەرێم دەبێت، ئەگەر یاسایی تایبەت لەبارەی بابەتێکەوە نەبێت لە هەرێم، ئەوا بە ناچاری دەبێت پابەندبین بە بڕیاری حکومەتی ناوەندی.[1]
#11-04-2018#