کوردانی فەیلی لە پارێزگاکانی عەمارە، کوت، دیالە، بەغدای پایتەختی ئێراق و بەشی خوارووی باشووری کوردستان و پارێزگاکانی کرماشان و ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژین و نزیکەی 3 ملیۆن کەسێک دەبن.
فەیلیەکان، هەر لە سەرەتاکانی درووستبوونی دەوڵەتی ئێراقدا و دوای جەنگی جیهانی لە سایەی ڕێکەوتنی سایکس پیکۆی ساڵی 1916دا ڕووبەڕووی کێشەو ئاریشەی پاکتاوکردن بوەتەوە، بە تایبەتی کێشەی ڕەگەزنامە و هاووڵاتیبوون، لە کاتی دەرچوونی یاسای ڕەگەزنامەی ئێڕاقی لە ساڵی 1924دا، لە کاتێکدا ئەو کێشانە بەرەوە ئاقارێکی خەتەرناکتر ڕۆێشتن و کاتێک حیزبی بەعس لە ساڵی 1963 هاتە سەر حوکمی دەسەڵات و دواترلە ساڵی 1968گەیشت بە خراپترین.
ڕژێمی بەعس دوژمنایەتی خۆی بەرانبەر کوردانی فەیلی بە ئاشکەراو لە ڕێگای هەڵسوکەوتی دڕندانەیان لە بەرانبەردا، مامەڵەی نامرۆڤانە لە دژیان بەکار هێنا. سزای توند وبەکۆمەڵ بە سەریاندا سەپێنرا، بە ڕاگوێزانی زۆرەملێ و دوورخستنەوەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدکردنی ڕۆلەکانی کوردی فەیلی پیادە کرد. زیاتر لە 5000 پێنج هەزار کوردی فەیلی لەنێوانی ساڵانی 1969 1972 و زیاتر لە 600000 شەشسەد هەزار ی تر لە پڕۆسەیەکی ڕێکخراوو بەردەوام دا، لە ساڵی 1980 تا ساڵی 1990.
پرێکی دیکە کە فەیڵییەکان ڕووبەڕووی بوونەوە، لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی ئێراقی بوو. دوای لە دەستدانی ڕەگەزنامەی ئێراقی و دەستبەسەرداگرتنی بە گشتی ماڵومولکیان و لێسەندنەوەی دەکۆمێنتی یاسایی لە بارەی ڕەگەزنامەیی و موڵکداریدا، بە هەزاران لاو و گەنجی فەیلی خرانە زیندانەکانەوە و زیاتر لە 22000 بیست و دوو هەزار کەس لەوانە شوێبزرکران. بە بیانووی ئەوەی کە کەسان و هاووڵاتیی بێگانەن و ملکەچ و پابەند نین بە ئامانجە باڵاکانی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی شۆڕش ئەمە لە بەندی 1 لە بڕیاری ژمارە 666 ی 7 / 5 / 1980 ی دەرچوو لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی (لەناوچوو) ی ئێڕاق و لە ڕۆژنامەی الوقائع العراقیەی ڕەسمی ژمارە 2776 ی 26 / 5 / 1980 دا بڵاوکرایەوە.
ئەمەو، دادگای باڵای تاوانی ئێراقی، کە لە دوای ساڵی2003 وە دامەزرا، لە ڕێککەوتی، 29/11 2010دا، تاوانی ڕاگواستن و کوشتنی کوردی فەیلی، بە تاوانی کۆمەڵکوژی و دژ بە مرۆڤایەتی ناساند و لە قەڵەمیدا. هەروەها ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێڕاقی، ئەو تاوانەی بە تاوانی لەناوبردنی بە کۆمەڵی (کۆمەڵکوژی) بە تەواوی ماناکانی بەپێی بڕیاری ژمارە 18 و بە تەواوی دەنگەکانی ئەنجومەن لە کۆبوونەوەی 1/8 2011 وبە ژمارەی 6 ی ساڵی 2012 بڕیاری کۆماری لەسەر درا. لە دوای دەرچوونی حوکمی دادگا بە پەیمانێکی حکومەتی ئێڕاقی و بە بڕیاری 426 ی ساڵی 2010 بە لەناوبردن و سڕینەوەی هەموو ئاسەوارە ناشرینەکانی سەر کوردانی فەیلی بڕیاری لەسەر درا. بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، فەیلیەکان بەشێکی زۆری موڵک و ماڵیان بۆ نەگەڕاوەتەوە و قەرەبووی مادی و مانەوی نەکراونەتەوە.[1]