لایەنگرانی حیزبەکان لەنیوە شەوەوە تا دەمە و بەیان، بەدەم هەڵواسینی پۆستەر، وێنە و لافیتەی قەوارە و بەربژێرەکانیانەوە ڕۆژیان کردەوە، ئاڵای پارتە پێکهاتوو و ڕاجیاوازەکانیش لەیەک ئاڵاون، بەدرێژایی ماوەی بانگەشە هەموو ڕێگاکانی دەنگ کۆکردنەوە تاقیدەکەنەوە تاوەکو کورسییەک زیاتر لەنێو پەرلەمانی عێراق دەستەبەر دەکەن.
مستەفا عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری هەڵمەتی بانگەشی یەکگرتوو لە #سلێمانی# بە ڕووداوی ڕاگەیاند: لەکۆتاییدا دەبێت هەموومان لە دەسەڵات بین یان ئۆپۆزیسیۆن پێکەوە ئەو وڵاتە بنیادبنێین، بۆیە ئێمە بانگەشەی بەیاسایی دەکەین، بەڵام لەسەر حسابی شکاندنی بەرامبەر نا.
بەپێی بڕیاری شارەوانی سلێمانی، هەردوو شەقامی سالم، کە بەسەهۆڵەکە ناسراوە و تووی مەلیک دانانی بنکەی بانگەشە تێیدا قەدەخەیە، بەڵام لەدووری تەنیا 10 مەتر لەیەکدییەوە بزووتنەوەی گۆڕان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بنکەی بانگەشەیان دامەزراندووە.
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند بانگشە سێ ئاستە، سارد، مام ناوەند و گەرم، ئێمە ئێستا لە قۆناخی ساردداین و سەردان و پۆستەر و چالاکییمان هەیە، پاشان بانگەشەکەمان تووندتر دەکەین.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ماوەی مۆڵەتێکی داناوە لەدوای ڕۆژی دەنگدانەوە بۆ لێکردنەوەی کەرەستەکانی بانگەشە، هەر پارتێکیش وانەکات، ئەو بڕە پارەیەی وەک بارمتە دایناوە لەلایەن کۆمسیۆنەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
بەڵێن ئیسماعیل، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنەکانی گۆڕان لە سلێمانی دەڵێت دەمانەوێت کەمترین پەڕۆ بەکاربهێندرێت، بەڵکو لەبری ئەوە کار لەسەر کارنامە و بەرنامەی خۆمان دەبین.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی نیسان بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، لە یەکەم چرکەشەوە دەست بە هەڵواسینی ئاڵا و درووشمی حیزبەکان و پۆستەری کاندیدان کرا.
پێشبینی دەکرێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە شاری سلێمانی لە شار و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان بانگەشەی گەرمتر بەخۆیەوە ببینێت، چونکە بووەتە چەقی ململانێی چەند حیزبێک، بەشێک لەوانیش نوێن و بۆ یەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، هەروەها ئەمجارە لیستە عەرەبییەکانیش لە سلێمانی کاندیدیان هەیە، ئەمەش لە یەکەم ڕۆژی بانگەشەوە ڕەنگیداوەتەوە.
لە کۆی 329 کورسی پەرلەمانی عێراق، هەرێمی کوردستان 46 کورسییە، لەو ژمارەیەش 18 یان بەر سلێمانی و هەڵەبجە دەکەون. 503 کاندیدی 25 قەوارە کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 46 کورسییەکە دەکەن، سێ ملیۆن و 144 هەزار و 730 کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە.
ئەم هەفتەیەی بانگەشە زیاتر کەمپەین و ئامادەکاری و ناساندنی کارنامەیە، بەڵام دوو هەفتەی دواتر، هەندێک لایەن کە دانوولەیان لەگەڵ یەک ناکوڵێت، هەتا مریشکە ڕەشەکە مەلەفی یەکدی هەڵدەدەنەوە.[1]
#15-04-2018#