عومەر حوسێن عارەب ناسراو بە (عومەر عارەب)، فەرماندەی مەفرەزەی تایبەتی.
عومەر حوسێن عارەب، یەکێک بوو لە پێشمەرگە و فەرماندەی کەرتی پێشمەرگەی (ی. ن. ک). عومەر حوسێن عارەب، لە ساڵی دوای تێکچوونی گفتوگۆی ساڵانی (1983-1985)ی یەکێتی و بەعس، لەناو شاری #سلێمانی# دکتۆرێکی ڕفاندبوو بەناوی (دکتۆر محەمەد باقر) کە برادەری مام #جەلال تاڵەبانی# و نەوشێروان مستەفا بووە. عومەر عارەب، ئەوکاتە فەرماندەی کەرتی سێی تیپی (47)ی پیرەمەگروون بوو، داوای پارەی زۆری لە بنەماڵەی دکتۆرەکە کردبوو، ئەوانیش ئەمنی سلێمانی-یان ئاگادارکردبووەوە و هەوڵەکەی عومەر عارەب و هاوڕێکانی شکستی هێنا. دواتر بە بڕیاری #مام جەلال# و نەوشێروان مستەفا، لەسەر ئه و کاره و دوای ئەوەی تاوانی بێڕەوشتیشیان بۆ هۆنییەوە دەستگیرکرا و خرایە زیندان.
عومەر عارەب، بەقسەی خۆی گوایە (ی. ن. ک) نیازی کوشتنی ئەوی هەبووە، بەڵام چاوەڕێی هاتنەوەی یەکێک لە مام جەلال یان نەوشێروان مستەفا دەکەن کە لە دەرەوەی کوردستان بووینە، هەرکاتێ یەکێکیان هاتەوە ئەوکاتە ئه و گوللە باران دەکەن. بۆیە لە شەوێکی مانگی نۆی ساڵی (1987)دا پێکەوە لەگەڵ ئه و هاوڕێیانەی کە دکتۆرەکەیان ڕفاندبوو، زیندان دەشکێنن و دەگەڕێنەوە سلێمانی و دەبن بە مەفرەزە خاسەی جاش، ناوبراو بوو بە یەکێک لە فەرماندەی مەفرەزە تایبەتییە هەرە دڕەکانی ڕژێم.
دوای ماوەیەک عومەر عارەب، غەریب کونجرینی و جاشەکانیان دێن بۆ سەر پێشمەرگە و لە ڕۆژی (09-10-1987) لە دێی قەرەئەنگوێ ئازاد محەمەد عەبدوڵڵا ناسراو بە ئازادی حەمەی گەمحان سەرتیپی (99)ی بتوێن و دوو پێشمەرگەی دیکە بە ناوەکانی دڵزار قادر ئەحمەد بابەکر (1961/ کۆیە) و ڕزگار عەلی ئەحمەد بابەکر ناسراو بە جوجە (1964/ کۆیە) شەهید دەکەن.
عومەر عارەب، لەکاتی ئەنفالەکاندا دوو پێشمەرگەی تیپی (23)ی سورداشی سەر بە (ی. ن. ک)ی بە ناوەکانی (سەربەست سەعید ئەمین ناسراو بە سەربەست بچکۆڵ، جێگری فەرماندەی کەرتی یەک و حەمە شکور سەعید ئەمین برای سەربەست کە پەنا دەبەنە بەر ناوبراو، لەبری ئەوەی کە هاوڕێیانی ڕۆژانی خەباتی پێشمەرگایەتی ڕزگار بکات، هەردووکیانی ڕادەستی ئەمنی سلێمانی کردن و ئەوانیش لە بەرزییەوە لە کۆپتەر فڕێیان دانە خوارەوە و ئەنفال کران؛ سەرچاوە: (1-31، سابیر ئەحمەد کۆکەیی، ناڵەی پێشمەرگەیەک بۆ مێژوو، ل180).
عومەر عارەب، بەشداری ئەنفالکردنی دانیشتوانی مەڵبەندی سلێمانی و ناوچەی سورداشی کردووە، کە دەکاتە ئەنفالی دوو؛ سەرچاوە: (1-21، زیاد عەبدولڕەحمان، تونی مەرگ، ل245).
عومەر عارەب، دوای ڕاپەڕین گەڕایەوە ناو یەکێتی و ڕۆژێک لە ساڵی (1993)دا لەناو شاری سلێمانی تەقەی لە نووسەر (جەمال میرزا عەزیز) کرد و برینداری کرد. لە ئەنجامدا پاسەوانێکی جەمال میرزا، عومەر عارەبی کوشت.
عومەر حوسێن عارەب، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و ژمارە (291)ی لە لیستی داواکراوەکان پێدراوە.[1]