دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، #کەرکووک# لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چەقی ململانێ دەبێت لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140ی دەستووی عێراق.
پارێزگای کەرکووک 12 کورسی لە پەرلەمانی عیراق بۆ دانراوە، بەڵام 132 کەس کاندیدن و بەسەر 22 لیست و یەک هاوپەیمانی و حەوت کاندیدی تاکەکەسی دابەشبوون. کە لەنێویاندا شەش لیستی کوردی هەن کە هاوپەیمانییەکی سێ قۆڵیش لەنێویاندایە، شەش لیستی مەسیحی و سێ لیستی تورکمانی و هەشت لیستی عەرەبی تێکەڵەی جیاوازی مەزهەبی دابەشبوون و حەوت کەسیش کاندیدی تاکەسین.
هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دوای ئەو دۆخەی لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دروستبووە لە کەرکووک بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کردووە، بەڵام خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: لە کەرکووک پارتی پشت ناکاتە هەزاران دەنگدەری خۆی و لەوبارەیەوە جارێ بڕیاریان نەداوە.
گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی باس لەوەدەکات دەنگەکانیان لە کەرکووک زیاد دەکات.
لەدوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 لە کەرکووک، بە هەزاران کەس ئاوارەی هەولێر و سلێمانی بوون، هەرچەندە زیاتر لە 900 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری ئاوارە و پێشمەرگەش نەگەڕاونەتەوە شارەکە و بەشێکیان کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان نەکردووە.
بەگوتەی لێپرسراوەکەی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمسیۆن، کارتی ماوە کورت چاپکراوە بۆ لە دایکبووانی 1997 تاوەکو 2000، کە سەردانی ناوەندەکانی تۆماریان نەکردووە. ئەوانەشی سەردانی ناوەندەکانی کۆمسیۆنیان نەکردووە بە هەمان ئه و کارتە ئەلیکترۆنییەی پێنج ساڵ لەمەوبەر بۆیانکراوه، دەتوانن دەنگبدەن.
هەروەها ئەندامێکی هاوپەیامانی فەتح، کە لیستیان لە کەرکووک هەیە، پێیوایە فشارە سیاسییەکان لە کەرکووک کاریگەری لەسەر دەنگەکان نابێت.
کەریم نووری، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند بێگومان هەر قۆناخێکی هەڵبژاردن ئەنجامێکی دەبێت، هەڵبژاردن متمانەی دەنگدەرە، فشاری سیاسی کاریگەری لەسەر دەنگەکەی نابێت، هەر کەسەو خاوەنی تێڕوانینی خۆیەتی، وایدەبینین لە کەرکووک هەمان ئەو ڕێژەیەی هەبووە بۆ کورد بەدەستبهێندرێتەوە.
پارێزگای کەرکووک لە هەڵبژاردنی نیسانی 2014دا لە کۆی 12 کورسی، حیزبە کوردییەکان هەشت کورسی، تورکمانی دوو کورسی و عەرەب دوو کورسییان بە دەستهێنا، بەڵام کورد چاوی لەوەیە پێگەی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو لە دەستنەدات و ئاستی دەنگەکانی بەرزبکاتەوە.[1]
#16-04-2018#