ڕۆژی 28ی خاکەلێوە /17ی نیسان لە شاری #مەریوان#-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لاوێکی تەمەن 24 ساڵان بە ناوی دارا موحەمەدی لە ڕێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ناوبراو دانیشتوی گەڕەکی کەوسەری شاری مەریوانە و ئێوارەی دوێنێ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی هۆکاری خۆکوشتنی ئەو گەنجە کوردە هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکراوەتەوە.
دیاردەی خۆکوژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی کێشەی بێکاری و نەبوونی پیشەی گونجاو و گرفتی کۆمەڵایەتی بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو. بەشێک لە گەنجان و بەتایبەت ژنان بۆ دەرباز بوون لە کێشە کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەکان بە شێوازگەلی جۆراوجۆر دەست دەدەنە خۆ کوشتن و کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن.
سیاسەتی برسیکردن و بڵاوکردنەوەی هەژاری و گوێنەدان بە کەرتی پەروەردە لە ڕۆژهەڵای کوردستانی لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە بووەتە هۆی پەرە سەندنی دیاردەی خۆکوژی لەو بەشەی کوردستاندا.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان 12 هاووڵاتی لە ڕێگەی کوشتن و خۆکوشتنەوە کۆتایی بە ژیانیان هاتووە.
ئامارەکان کوشتن و خۆکوشتن
خۆسووتاندنی ژنێکی گەنج لە بۆکان، ڕۆژی 18ی بەفرانباری ژنێکی گەنج بەناوی “ش.ئ” ی تەمەن 19ساڵ و خەڵکی گوندی “ئوچ تەپە”ی شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا.
22ی بەفرانبار لە شاری کرماشان لە باخچەی فردۆسی ئەو شارە، لە ئاکامی دەستڕێژی گوللە بۆ سەر 4 ئەندامی بنەماڵەیەک، دایکێک و 3 کچی کوژرابوون.
رۆژی 14ی بەفرانبار ژنێکی لاوی خەڵکی گوندی گۆشتخانی سەر بە سەوڵاوا بە ناوی “ش ڕحیمی” لە ماڵ دەڕواتە دەرەوە و دواتر تەرمی ناوبراو پاش دوو هەفتە لە سەر ڕێگای سنە - دیواندەرە دۆزرایەوە.
لە ڕێکەوتی 26ی بەفرانبار کوژرانی ڕوناک ڕەسوڵی تەمەن 22 ساڵانەی خەڵکی گوندی سەروکانی پیرانشار لە لایەن هاوژینەکەیەوە.
لە شاری جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تازە لاوێک بە ناوی دیاکۆ بەهروجە تەمەن 17 ساڵان و قوتابی دواناوەندی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
شەمە 12ی ڕەشەمەی ژنێک بەناوی ” نەدا زاهیری عەبدە وەند ” کچی حەسەنعەلی لە شاری کامێران سەر بە پارێزگای سنە خۆی کوشتووە. ئەو ژنە خێزاندار بووە و دایکی 2 منداڵ بوە و بە هۆی کێشەیەکی بنەماڵەییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێناوە.
14ی ڕەشەمە لە گەڕەکی ئازادەگانی شاری دیواندەڕە لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاووڵاتێیک بە ناوی سدیق شابازی تەمەن 50 ساڵ بە هۆکارێکی نادیار دەستی داوەتە خۆکوژی و گیانی لە دەست داوە.
پێنج شەممە 17ی ڕەشەممە، زۆرانبازێکی کورد خەڵکی شاری “سەحنە” لە پارێزگای کرماشان بە ناوی “ئەمین ڕەزایی” بە شێوەی خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
شەممە 19ی ڕەشەممە مامۆستایەکی قوتابخانەی خەڵکی سەرپێڵ زەهاو بەناوی “ڕەسوڵ قارەمانی” تەمەن 31 ساڵ لە ناوچەی تازاوا لە کەمپی نزیک ئیدارەی پەروەردە، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
لە ڕۆژی 9ی خاکەلێوە لە شاری کامێرانی سەر بە پارێزگای سنە گەنجێکی خێزانداری تەمەن 24 ساڵ بە ناوی “ئیدریس کەمانگەر” کۆتایی بە ژیانی هێنا.
3ی خاکەلێوە، پیاوێکی گەنج بە ناونیشانی “میلاد خوجەستە” کوڕی حسێن بە هۆکارگەلی نادیار دەستی دایە خۆکوژی و گیانی لەدەستدا.
ئەو ئامارانەی سەرەوە، تەنها ئەو ئامارانەن، کە بنەماڵەی قوربانیان ئامادەبوون ناوەکانیان بڵاوبکەنەوە، بەڵام ژمارەیەکی زیاتر لە ئامارەی سەرەوە، حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوودەدات، کە دەشاردرێنەوە و لە میدیاکان بڵاوناکرێنەوە، یان بنەماڵە و لایەنە پەیوەندارە حکومی و فەرمییەکان هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەو بارەیەوە بڵاوناکەنەوە.[1]
#18-04-2018#