نزیکەی پێنج ساڵە مووچەی خاوەنپێداویستی تایبەت لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 90 هەزار دینار کەمکراوەتەوە، دوای پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشکەوتی مووچە، مووچەی خاوەنپێداویستی تایبەت کرایە 120 هەزار دینار، بەڵام هێشتا ئەو مووچەیە بەدڵی ئەوان نییە.
نەزیرە عەبدوڵڵا، خاوەن پێداویستی تایبەت دەڵێت پێشتر مووچەکەم 150 هەزار دینار بوو، بەڵام سێ ساڵە کردوویانە بە 90 هەزار دینار، خۆم کەمەئەندامم ئێستا مووچەی ساڵی 2017 وەردەگرم کە 120 هەزار دینارە، خۆم خاوەنی منداڵم و کرێچیم، پیاوەکەشم لەسەر جێگا کەتووە.
زیاتر لە دوو ساڵە لیژنەکانی تەندروستی پشکنین بۆ سوودمەندانی مووچەی خاوەنپێداویستی تایبەت دەکەن، تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 هەزار کەس شایستەی وەرگرتنی ئەو مووچەیە نین، مانگانە یەک ملیار دینار بۆ مووچەی ئەو کەسانەیە کە کەمەندام نین و وەک خاوەنپێداویستی تایبەت خۆیان ناونووسکردووە.
محەممەد سەعید، بەڕێوەبەری تۆڕی چاودێری پاراستنی کۆمەڵایەتی دەڵێت بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا لیژنەکانی پشکنین کە دووبارە پشکنین بۆ خاوەنپێداویستی تایبەت دەکەن لە هەرسێ پارێزگاکەدا تەواو نەبووە، بۆیە هێشتا تەنیا مووچەکانیان کراوەتە 120 هەزار دینار، بەڵام وەزارەتی دارایی بەڵێنی داوە ئەگەر ئەو پشکنینە تەواو بێت و بارودۆخی دارایی باش بێت مووچەکانیان چاک دەکات.
لە ڕۆژی 3-1-2018، حکومەت پڕۆژەی چاکسازیی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی ڕەوانەی پەرلەمان کرد، لە 28 شووباتی 2018 پڕۆژە چاکسازییەکە پەسندکرا.
لە ڕۆژی 4ی ئاداری 2018 سەرۆکایەتیی حکومەت پڕۆژیاسای چاکسازیی گەڕاندەوە پەرلەمان، لە ئەگەری پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە مانگانە 100 ملیار دینار دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە جارێکی دیکە گۆڕانکاری لە لیستی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکرێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان 103 هەزار و 885 کەس مووچەی خاوەنپێداویستی تایبەت وەردەگرن، مانگانە 11ملیار و 440 ملیۆن و 320 هەزار دینار بۆ مووچەکانیان خەرجدەکرێت.[1]
#19-04-2018#