26 لیست و هاوپەیمانیی لە شاری #کەرکووک# کێبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی 12 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرتەوازترین لایەنیش عەرەبە.
بڕیارە 12ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و بەپێی ڕێژەی دابەشکردنی کورسی بۆ پارێزگاکان، شاری کەرکووک 13 کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دابینکراوە، کە 12 کورسیی بنەڕەتییە و کورسیەکیش سیستمی کۆتایە، لە ئێستاشدا بانگەشەیەکی توند لە شارەکەدا بەڕێوەدەچێت.
زیاتر لە 300 کاندید لە پارێزگای کەرکووک کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی ئەو پارێزگایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
حزب و لایەنە کوردییەکان لە کەرکووک بە پێنج لیست و هاوپەیمانی بەشداریی لە هەڵبژاردن دەکەن، حزب و لایەنە تورکمانییەکان بە چوار لیست و هاوپەیمانی، کریستیانەکان بە سێ حزب، پێکهاتەی عەرەب بە 14 حزب و هاوپەیمانی، بەمەش دەتواندرێت بوترێت، کە پێکهاتەی عەرب پەرشوبڵاوترین لایەنی شارەکەیە.
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014 کورد لە شارەکە زۆرترین ڕێژەی دەنگی بەدەست هێنا، لایەنی کوردیی توانی هەشت کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکات، لایەنی تورکمان دوو کورسیی و لایەنی عەرەبی دوو کورسیی، پێهاتەی ئاشوری-ش یەک کورسی کۆتا.
لەم هەڵبژاردنەدا و بەهۆی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، کە شارەکە لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیرا، بە بێ هیچ بەرگرییەکی هێزە کوردییەکان، بۆیە پێشبینی دەکرێت کورد لە شارەکە بەشێک لە دەنگەکانی لە دەستبدات.
950 هەزار کەس لە کەرکووک مافی دەنگدانی هەیە، لەو ژمارەیەش 686 هەزار و پێنج کەس، کە دەکاتە ڕێژەی 72% بایۆمەترییان کردووە و کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی ڕۆژنیوز لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە وەریگرتووە، زۆرترین کارتی دەنگدان لە گەڕەکە کوردنیشەکان وەگیراوەتەوە، بە شێوەیەک زۆرترین کارتی دەنگدان لە هەردوو بنکەی شۆریجە و ئیسکان-ی کوردنشین وەگیراوەتەوە، بە بەراورد بەو گەڕەکانەی عەرەب و تورکمانیی تێدا نیشتەجێن، ئەمەش کوردەکان وەک هیوایەک لێی دەڕوانن.
هەروەها، ڕێژەی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان لە شارۆچکەی حەویجە و سێ شاردێی عەرەب نشینی سەر بە حەویجە، کە دەکەوێتە بازنەی پارێزگای کەرکووکەوە، تا 10ی ئەم مانگە 19٪ بووە.
ئەگەرچی بەپێی یاساکانی کۆمسیۆن و پەرلەمانی عێراق، دەبێت لە هەموو لیستە براوەکاندا ڕێژەی بەشداربوونی ژنان 25٪ کەمتر نەبێت، بەڵام لە 300 کاندیدی سنووری پارێزگای کەرکووک، تا ئێستا تەنها 20٪ی لە ژنان پێکدێن.
بە گشتی لە عێراقدا 24 ملیۆن و 400 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
بەپێی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەو کەسانەی ناویان لە سیستمی بایۆمەتریی تۆمارنەکردووە دەتوانن دەنگ بدەن، بەو مەرجەی کارتی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی پێشووتریان هەبێت، بەپێچەوانەوە لە مافی دەنگدان بێبەش دەبن.[1]
#21-04-2018#