ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (#هەپەگە#)، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئەنجامی چالاکیی گەریلاکان و هێرشەکانی سوپای تورکی خستە ڕوو.
هەپەگە ڕایگەیاند: دوێنێ کاتژمێر 09:30 خولەک لە گردی لێلیکان کە دەکەوێتە سەر سنوورەکانی باشوری کوردستانەوە چالاکییەک لە دژی سوپای تورک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا گورزی سەخت لە پێگەکانی سوپای تورک درا، بەڵام ژمارەی کوژراو بریندارەکانی سوپا ئاشکرا نەبوو.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاشکرا کراوە: دوێنێ کاتژمێر 11:40 خولەکی نیوەڕۆ و 02:00ی پاش نیوەڕۆ لە گردی لێلکان چالاکییەکی دیکە لە دژی دوژمن ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا دوو سەربازی سوپای تورک کوژران.
هەپەگە لە بارەی چالاکییەکی ئەمڕۆی گەریلاکانیشەوە ڕایەگیاند: ئەمڕۆ کاتژمێر 09:00ی سەرلەبەیانی لە سەر گردی کۆردینەی سەربە چەلێی جولەمێرگ چالاکییەک لەلایەن گەریلاکانمانەوە ئەنجامدرا، لەو چالاکیەشدا گورزی سەخت لە پێگەکانی سوپای تورک درا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە: ڕۆژی 18ی نیسان کاتژمێر 09:00ی سەرلەبەیانی لە گردی کولندی سەربە ناوچەی هەرەکۆلی سێرت چالاکییەک لەلایەن گەریلاکانمانەوە ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا پێنج سەربازی سوپای تورک کوژران و دووانی دیکەش برینداربوون.
هەپەگە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندوە: سوپای تورک کە ناچار بوو لە ناوچەی هەرەکۆل پاشەکشە بکات و نەیتوانی هێزەکانی بگەیەنێتە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە، دەستی کرد بە بۆردوومان کردنی ئەو ناوچەیە، لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا حەوت لە هەڤاڵانمان شەهیدبوون، بە زوویی ناسنامەی ئەو شەهیدانە بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین.[1]
#21-04-2018#