ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و هاوکارەکانی لە ساڵی 1915دا کۆمەڵکوژییان لە دژی مەسیحیە نیشتەجێکانی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ ئەنجامدا. ژمارەیەکی زۆری ئێزیدیش بەر ئەو هەڵمەتی کۆمەڵکوژییە کەوتن. لەو قەتڵوعامەدا ڕێکخراوی ئیتیحاد و تەرەقی، تەشکیلاتی تایبەت، سوارەی حەمیدییە، سوپای عوسمانی و ئەفسەرەکانی ناو سوپا بەشداربوون. هەموو پێکەوە تاوانێکی گەورەی مرۆڤایەتیان بەڕیوەبرد. بە مەبەستی ڕیشەکێشکردنی مێژوویی و کلتوری گەلانی ئەرمەنی و ئاسوری - سریانی و کلدانی ناوچەکە، کۆمەڵکوژییەکی فراوانیان بەڕیوەبرد. ئەم جینۆسایدە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە کە هەرگیز ناتوانرێ ئینکار بکرێت.
بەڵگەی ئاشکراو ڕوون سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی زیاتر لە ملیۆن و نیوێک مرۆڤ هەن. ئامار و سەرژمێرییەکانی خودی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن. لە گەلی ئاسوری – سریانی و کلدانی زیاتر لە نیو ملیۆن کوژران. لە گەلی ئەرمەنیش زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤ بە شێوازێکی دڕندانە و لە شوێنی جیاوازدا کوژران. بە سەدان هەزاریش بە پێی یاسای کۆچکردنی ئەو سەردەمە دوورخرانەوەو بێسەرو شوێن کران. بە دەیان هەزاریش لە ژن و کچ و مناڵ ئەنفالکران و بە زۆر کرانە موسوڵمان و بە شوودران. بە هەزاران خانوبەرەوە و قوتابخانە و کتێبخانە و کڵێسا و کارگە وێرانکران. بڕێکی بێ شومار ماڵ و مڵک دەستیان بەسەردا گیراو تاڵان کران. بە ئاشکرا کوشتوبڕی گەلانی ئاسوری – سریانی و کلدانی و ئەرمەنی و مال و ژیانیان حەڵاڵ کران. ئەمانە هەمووی بە فەرمان و بڕیاری جیهاد بۆ جینۆسایکردنی ئەتنیکی و ئاینی پێکهات.
ئیمپراتۆریەتی عوسمانی خاکی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵی داگیرکرد و سەدان ساڵ تاڵانی کرد. دواجار لە 1915دا ئەو گەلانەی قەلاچۆکرد. تا ئێستاش خوێن لەو جینۆسایدە ئەچۆڕێت. ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو خەڵکە هات، ئەوە سەد و دو ساڵە وەک تراژیدیایەکی مەزن لە یادەوەریی نەوە نوێیەکانی ئەو گەلانەدا دەژی. ئێستاش کۆماری تورکیا کە میراتگری دەوڵەتی عوسمانییە دوای 103 ساڵ بە سەر ئەو جینۆسایدەدا هەر ئینکاری دەکات و دان بەو ڕاستیەدا نانێ. ئەمەش واتای ئەوەیە کە تورکیا هاوبەشی ئەو تاوانەیە و درێژە بە جینۆساید دەدات. لە یادی 102 ساڵەی ئەو جینۆسایدەدا داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین کە دان بەو تاوانەدا بنێت و داواکاریکانی ئەو قبوڵکردنە بسەلمێنێ.
ئێمە لە #کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان# – کەنەکە، زۆر بەتوندی جینۆسایدی 1915 شەرمەزار دەکەین. داوا لە هەموو دامودەزگا نێونەتەوەیی و ناوچەییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە وەک جینۆساید بیسلەمێنن و قبوڵی بکەن.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- ک.ن.ک
#23-04-2018#