ڕۆژنیوز، ڕۆزە محەمەد
کورتەباڵاکان داوا دەکەن کە مووچەکانیان لە 120 هەزارەوە بکرێت بە 250 هەزار و ئەو مووچانەی کە 60 هەزارە دەستکاری بکرێت.
ئەمڕۆ، کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان لە بیناکەیان لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان سەبارەت بە چەند داواکارییەکیان سازکرد.
عومەر جەبار، سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان، لە کۆنگرەکەدا وتی: داواکارین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەکەمان بکاتە مووچەیەکی فەرمی و مووچەکانمان لە 120 هەزار دینارەوە بکاتە 250 هەزار دینار، وە مووچەی ئەو کورتەباڵایانەی کە 60 هەزارە زیاد بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا: بەڵێندراوە کە زەویمان بەسەردا دابەش بکرێت، هیوادارین کە ئەو بەڵێنانە ڕاست بێت و داوا لە سەرجەم لیست و قەوارەکان دەکەین کە لەم کاتەدا پشتیوانی کورتەباڵاکان بکەن، وە داواکارین کە کورتەباڵاکان لە خوێندنگا و زانکۆ و پەیمانگاکان بێ بەرامبەر هەلی خوێندنیان بۆ بڕەخسێندرێت
وتیشی: لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسای کورتەباڵاکان هەیە کە خزمەت بە چینی کورتە باڵا دەکات، هیوادارین کە جێبەجێ بکرێت.
ڕاشیگەیاند: هەتا ئێستا زیاتر لە 100 یاداشتمان ئاڕاستەی حکومەت کردووە و چەندین جار خۆپیشاندان و گردبوونەوەی مەدەنیانەمان کردووە و داواکارییەکانمان ئاڕاستە کردوون، بەڵام گوێمان لێنەگیراوە، تاوەکو ئێستا لەم کاتەدا بۆ چەندین داواکاری گوێمان لێگیرا.
سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان، ڕاشیگەیاند: کاندیدمان دەبێت بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی کە تەنها کورتەباڵاکان لە ئازاری یەکتر دەگەن.
لە هەرێمی کوردستان 6 هەزار کورتەباڵا هەیە، هەمێشە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی خراپی گوزەرانیان گردبوونەوەیان ئەنجامدەداوە و یاداشتیان ئاڕاستەی حکومەت کردوە، بەڵام گوێیان لێنەگیراوە، لە کاتێکدا کە ئێستادا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕێک لە مووچەی کورتەباڵا و خاوەن پێداویستیە تایبەتییەکانیان زیاد کردووە.[1]
#23-04-2018#