هەموو هەنگاوێکی داهێنەرانە گۆڕانکارییەک بەدوای خۆیدا دێنێت. دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان لە 22ی نیسانی 1898دا، ئەو داهێنانە بوو کە وەرچەرخانێکی لە بواری ڕۆشنبیری و ڕای گشتی کوردستانیی لە سەردەمی خۆیدا کردو کاریگەریی لەسەر ڕۆژ و ساڵەکانی دوای خۆی دانا.
رۆژنامەی کوردستان کە لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان لە قاهیرەی پایتەختی میسر دەرچوو. بۆ ئێمەی کورد لەو ڕۆژانەدا، تەنیا کردەیەکی ڕۆژنامەوانی سادە نەبوو. بۆ گەلێک کە لەژێر ستەمی داگیرکاریدا بێت، نەخوێنەدەوار و نا ئاشنا بێت بە مێژووی خۆی، دەستپێشخەرییەکی لێوانلێو لە جەربەزەیی و ئیرادە بوو. ئەو ڕۆژنامەیە بەو چەند ژمارە کەمەی کە لە ئاوارەیی و شوێنی جیاواز دەرئەچوو، پەنجەرەیەک بوو بەسەر دنیایەکی جیاوازدا و هەنگاوێکش کوردی بردە ناو مێژووی جیهانەوە.
بەپێی سەرچاوەکان، بەشێکی زۆری ڕۆژنامەی کوردستان ئەنێردرایەوە کوردستان و بە خۆڕایی بەسەر خەڵکدا دابەش ئەکرا. بەم کارەش زیاتر جێی خۆی کردەوە، خەڵک پێی ئاشنا بوون، بوو بەسەرچاوەی هەواڵ و تێگەیشتنێکی جیاوازیشی لەسەر خۆناسین و تێکۆشانی دواتری گەلی کوردستان بەرهەم هێنا.
ئەگەر لەو ڕۆژگارەدا، لەو دەرفەتە بەرتەسکەدا، تەنیا ڕۆژنامەیەک و کردەی ڕۆژنامەوانی ئەوەندە ڕۆڵ و کاریگەریی هەبووبێت، بێگومان لەم قۆناغە ئاڵۆز و هەستیارەی کوردستاندا، سەرەڕای ئاستەنگە جیاوازەکانی بەردەم ڕۆژنامەگەریی کوردی، دەرفەتێکی زیاتر هەیە کە ڕۆنامەنووسیی کوردی ڕۆڵێکی مەزن لە ڕەوتی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا بگێڕێ.
لە ئێستادا گەلی کوردستان بە هۆکاری جیاوازی تەکنۆلۆجیاو چەکی کوشندەو سیاسەتە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەولەتییەکانەوە، لە هەرکات زیاتر لە ژێر هەڕەشەی داگیرکاری و کۆمەڵکوژیدایە. لەو سۆنگەیەوە داوا لە ڕۆژنامووس و میدیاکارانی کوردستان ئەکرێت بە ئەرکی پیرۆزی خۆیان هەستن. پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی کوردستانیان و کێشە و گرفتە ناوخۆییەکان، بابەتیانەو بە ڕۆحێک کە ئاسایشی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بپارێزیت، بکەنە ڕۆژەڤ و کاری لەسەر بکەن.
#کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان#، سەرەڕای پیرۆزبایی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە سەرجەم گەلی کوردستان و هەموو ڕۆژنامەنووسانی نیشتیمانپەروەرو جەربەزە. جارێکی تر جەخت لەوە ئەکاتەوە کە ڕۆژنامەنووسی و میدیاکاریی لە زۆربەی پرسەکاندا ئەتوانن ڕۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕن و ڕەوتی ڕووداوەکان لەبەرژەوەندی خەڵک و بەرژەوەندی نیشتیمانیی بگۆڕن.
ئێمە لە کۆمیتەی ڕاگەیاندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی تر سلاو بۆ هەموو ڕۆژنامەوانانی بوێر و ڕاستگۆ ئەنێرین. سەری ڕێز بۆ هەموو ئەو ڕۆژنامەوان و میدیاکارانە دائەنەوێنین کە سوور بوون لە سەر پەیام و پرەنسیپەکانی ڕۆژنامەوانی و گیانی خۆیان لەسەر دانا. هەمانکات سڵاو بۆ گیانی میقداد مەدحەت بەدرخان و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕچەشکێنانەی بواری ڕۆژنامەوانی کوردی ئەنێرین کە ئاسۆیەکیان لەبەردەم دەسەڵاتی ڕای گشتیدا کردەوە.
کۆمیتەی ڕاگەیاندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن. ک
برۆکسل
#21-04-2018#