بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر لە 300 هەزار دەنگدەری پارێزگاکانی #نەینەوا# و #کەرکووک# لە شاری #هەولێر# دەنگدەدەن و بەرپرسێکی کۆمسیۆنیش ئاماژەبەوەدەکات، بەشێک لە ئاوارەکان بەشێوازی دەنگدانی مەرجدار بەشداریدەکەن.
بەپێی هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان کە 22ی کانونی دووەمی ئەمساڵ پەسەندکرا، حکومەتی ناوەندی پابەندکراوە بە جێبەجێکردنی هەشت خاڵ بۆ ڕێکخستنی پرۆسەکه، لەنێویاندا گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، زامنکردنی بەشداریکردنی هەموو هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا و دانانی سندوقی دەنگدان بۆ ئاوارەکان لەپارێزگا جیاجیاکاندا.
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سنووری پارێزگای هەولێر لە کۆی گشتی ئاوارەکانی ناو کەمپ و دەرەوەی کەمپ، کە ژمارەیان 700 و 13 هەزار کەسە زیاتر لە 300 و 10 هەزار کەسیان مافی دەنگدانیان هەیە، لە 90% ئاوارەکانیش خەڵکی پارێزگای نەینەوان. بۆ دەنگدانی ئه و هاوڵاتیانەش کۆمیسیۆن 15 بنکەی دەنگدانی بۆ ئەو ئاوارانەی لە پارێزگای نەینەواو کەرکووک ئاوارەبوون لەناو هەولێر کردۆتەوە، بەهۆیەوە ئاوارەکانی ئەم ناوچانە دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن.
سەعید کاکەیی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، بە دواڕۆژ ڕاگەیاند، هاوڵاتیانی ئاوارەی ناوخۆیی لە عێراق، بە چوار شێوەی جیاواز ڕێگەی بەشدارییان پێدەدرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا، لە نێویاندا دەنگدانی مەرجدار.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی وەرنەگرتنەوەی کارتی دەنگدان و نەگەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، کۆمیسیۆن دڵنیایی دەدات و کارتەکانیان دەدەنەوە و بنکەی دەنگدانیشیان بۆ دەکەنەوە و تیمی کۆمیسیۆن سەردانی کەمپەکان دەکەن و کارتی دەنگدان دەدەنەوە بە ئاوارەکان.
ئاشکراشیکرد، ئاوارەکانی دوای 16ی تشرینی یەکەم سندوقی دەنگدانیان بۆ لە دەرەوەی پارێزگاکانی خۆیان دادەنرێت و دەنگدانی مەرجداریش تەنها بۆ ئاوارەکان و زیندانییەکانە بە ئامانجی گرەنتی بەشدارییەکی بەرفراوان لە هەڵبژاردن.
وتیشی ئاوارەکان کە ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەبێت، لە پرۆسەی دەنگداندا بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 12ی ئایاری ئەمساڵی عیراق بۆ چوار گروپ دابەشبووە، بەشێکیان کارتی بایۆمەتری وەردەگرن و ئەوانیتر بە کارتی ئەلیکترۆنی یان کارتی ماوە کورت یاخود دەنگدانی مەرجدار بەشداری پرۆسەکە دەکەن.
لە سەرتاسەری عێراق، ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 200 هەزار کەس وەک ئاوارە لە کەمپەکان یان دوور لە ناوچەکانی خۆیان نیشتەجێن، ئەوەش بەپێی دوایین ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ.
دانیشتوانی عێراق 37 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و له و ژمارەیە، زیاتر لە 24 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی 329 کورسی پەرلەمان، وابڕیاریشە لە 12ی ئایاری مانگی داهاتوو هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامبدرێت.[1]
#24-04-2018#