تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان چاویان لەوەیە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقدا بەبێ نوێنەر نەبن، بەڵام دابەشبوونی کاندیدەکانیان بەسەر حیزبە کوردی و تورکمانی و عێراقییەکان، ڕەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی نەتوانن نوێنەر بنێرنە بەغدا، پەرلەمانتارێکی کوردستانی #بەرەی تورکمانی#ش پێیوایە ئەمجارە نوێنەریان لە پەرلەمان دەبێت و کاندیدەکانیان دەتوانن زۆرینەی دەنگی پارتە تورکمانییەکان ببەن بەوانەشی کە لە پارتییەوە نزیکن.
بەرپرسانی تورکمان لە #هەولێر# دەڵێن نزیکەی 50 هەزار دەنگدەریان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە کورسی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بهێنن، ئەمجارەشیان ئەگەری هێنانی کورسی کەمە، بەهۆی دابەشبوونی کاندیداکانی تورکمان بەسەر حیزبە تورکمانی و ناتورکمانییەکاندا، بەڵام بەرپرسێکی بەرەی تورکمانی بە دڵنیاییەوە دەڵێت کە ئەمجارە دەنگدانی تورکمانەکان بەفیڕۆ ناڕوات.
ئایدن مەعرووف، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی بە (رووداو)ی گوت: بەرەی تورکمانی لە بازنەی هەولێر پێنج کاندیدی هەیە، بەڵام هەموویان کادری بەرەی تورکمانی نین و یەکێکیان ئەندامی دەستەی زانایان و ئەوی دیکەشیان کادری حیزبی هەولێری تورکمانە، بەڵام لەژێر یەک چەتردا کۆبوونەتەوە.
ئایدن مەعرووف پێیوایە دەنگی تورکمانەکان وەکو هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو پەرتەوازە نابێت و دەڵێ: جگە لە بەرەی تورکمانی، حیزبە تورکمانییەکانی دیکە نە بەشدارن و نە کاندیدیان هەیە، ئەمەش وا دەکات دەنگەکانیان بۆ بەربژێرەکانی بەرەی تورکمانی بێت، تەنانەت دەنگی ئەو حیزبانەش بەدەستدێنین کە لە پارتییەوە نزیکن.
گورزە گەورەکە ئەگەر بە حیزبە تورکمانییەکان بکەوێ، ئەوە بەهۆی مەلا بەشیر خەلیل حەدداد دەبێ کە کەسایەتییەکی دیاری تورکمانییە و کاندیدی پارتییە بۆ ئەم هەڵبژاردنە. بەڵام ئایدن مەعرووف دەڵێت: مامۆستا بەشیر خۆی بە تورکمان نازانێت و ئێمەش ئەو بە تورکمان نازانین، بەڵام لە ڕاستیشدا نەوەی باوانێکی ڕەسەنی تورکمانە، پێشتریش ئەدایەکی حیزبییانەی هەبووە، نەک نەتەوەییانە، بەڵام بڕوا ناکەم دەنگی تورکمانەکانی هەولێر ببات.
مەلا بەشیر خەلیل حەدداد کە لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان کاندیدی پارتی بوو، دەنگێکی زۆری هێنا و گەیشتە پەرلەمان. مەلا بەشیر بە (رووداو)ی گوت: دەنگدەرەکانی من هەولێرین، تورکمان و کوردیشن. ئەو پێیوایە ئەگەر تورکمانەکان بە لیست و کاندیدی کەمتر بەشداری هەڵبژاردنیان کردبا، کاریگەرییان زیاتر دەبوو، چونکە بە گوتەی ئەو زۆریی کاندید و لیست دەنگەکان پەرتەوازە دەکات.
جگە لە کاندیدەکانی بەرەی تورکمانی و پارتی، چوار تورکمانی دیکە لە هەولێر لە لیستی هاوپەیمانێتی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات، لە بازنەی هەولێر خۆیان بەربژێر کردووە.
هیمان ڕەمزی کە یەکێکە لە کاندیدەکانی لیستی عەبادی بە (رووداو)ی گوت: خۆکاندیدکردنم لەسەر داوای هاوپەیمانێتی نەسر بوو، من وەکو تورکمانێک دەمەوێ بچمە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایین.
رەمزی هۆکاری خۆکاندیدکردنی لەو لیستە عەرەبییە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لە سێ خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا تورکمانەکانی هەولێر نوێنەریان نەبووە و کۆتاشیان نییە، وەک خۆی دەڵێت دەیەوێ لە فراکسیۆنێکی بەهێز خۆی کاندید بکات بۆ ئەوەی بتوانێت بەو ئامانجەی بگات.
جگە لە هیمان ڕەمزی، سێ تورکمانی دیکەی هەولێر کاندیدی هاوپەیمانێتی نەسرن، هیمان ڕەمزی دەڵێت کەسیان ناناسێت و لەنێو لیستەکەدا ناویانی بینیوە، بەڵام متمانەی بەوەیە کە فراکسیۆنەکەی هۆکارێک بێ بۆ چوونە بەغدا.
تورکمانەکانی هەولێر بە خەڵکی ڕەسەنی شاری هەولێر هەژمار دەکرێن و 40-50 هەزار دەنگدەریان هەیە و پێنج کورسی کۆتایان لە پەرلەمان هەیە، بەڵام لە پەرلەمانی عێراق کۆتایان نییە، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا هیچ تورکمانێک لەسەر لیستی حیزبە تورکمانییەکانی کوردستان نەگەیشتوونەتە پەرلەمانی عێراق. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش 10 کاندیدی تورکمان کێبڕکێ لەسەر دەنگی تورکمانان دەکەن، لەوانەش 5 کاندیدی بەرەی تورکمانی، چوار کاندیدی هاوپەیمانێتی نەسر و کاندیدێکیش لە لیستی پارتی.[1]
#24-04-2018#