دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەرپرسێکی #وەزارەتی کشتوکاڵ#ی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ ئەمساڵ بڕیاریداوە گەنمی جوتیارانی هەرێم بە بەراورد بە ساڵی پار 120 هەزار تۆن کەمتر وەربگرێت و وتەبێژی ئه و وەزارەتەش ڕونکردنەوە دەدات.
فاروق ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی دانەوێڵەی هەرێم لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەمڕۆ سێشەممە 24ی نیسانی 2018 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بۆ ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی بە گشتی لە عێراق بە ڕێژەی لە 50% کەمکردۆتەوە و بۆ هەرێمی کوردستان-یش بە بەراورد بە ساڵی 2017، 120 هەزار تۆن گەنم کەمتر وەردەگرێت.
وتیشی، وەرگرتنی گەنم بۆ ئەمساڵ لەسەر بنەمای دیاریکردنی بوجەی عێراق دەبێت و بەهەمان شێوەش ئه و حیسابە بۆ هەرێمی کوردستان کراوە.
فاروق ڕەسوڵ، ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی پار حکومەتی عێراق بڕیاریدا 442 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێم وەربگرێت، بەڵام 270 هەزار تۆن گەنمی وەرگرت ئەوەش بەهۆی ئەوەی جوتیارانی هەرێم زۆربەی گەنمەکانیان فرۆشتەوە بە بازرگانانی عێراقی و تەسلیمی سایلۆکانیان نەکرد.
ئه و بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی ئاشکراکرد، بۆ ئەمساڵ بڕی گەنمی وەرگیراو لە هەرێم 322 هەزار تۆن دەبێت.
لای خۆیەوە عامر عەبدولعەزیز، بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، دەستمانکردووە بە وەرگرتنی گەنم لە سەرتاسەری عێراق، بەڵام دیاریکردنی ڕێژەی پارێزگاکان بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت.
وتیشی، وردەکاری وەرگرتنی گەنمی پارێزگاکانی هەرێم لای وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمە.
لەبارەی نرخی تۆنی گەنم بۆ ئەمساڵ فاروق ڕەسوڵ ڕوونیشیکردەوە، نرخی گەنم هاوشێوەی ساڵی پار دەبێت بەجۆرێک نرخی یەک تۆن گەنمی پلە یەک بە 560 هەزار دینار پلە دوو 480 هەزار و پلە سێش 420 هەزار دینار.[1]
#24-04-2018#