زەنگی تەلەفۆنەکەم لێیدا ژمارەیەکی نەناسرا و دەنگێکی غەریب بوو٫ پێی وتم لەکوێی وتم لە دەوامم٫ وتی ئەتوانیت بچیتە ماڵەوە کەسێک دێت بۆلات٫ هەوڵ بدە ماڵەوەشتان نەزانن و تەنها خۆت بیت و ئاو چاشمان ناوێت و ناشمانەوێت کەس بەخێرهاتنمان بکات٫ منیش لە دەوام ڕوخستم خواست و بەرەو ماڵ بەڕێککەوتم٫ بەڵام تا گەیشتمە ماڵەوە دەیان خەیاڵمکرد٫ دەبێت ئەم کەسە کێبێت؟ گەیشتمە ماڵەوە زەنگم لێدا بۆ ئەو ژمارە غەریبەو پێم وت من لە ماڵم٫ هەر لە خەیاڵی ئەودابووم داخۆ کێبێت سەردانم بکات٫ وەلی دوای چەند خولەکێک زەنگی موبایلەکەم لێیدا و پێی وتم ئێمە لە پێش ماڵ ئێوەین٫ چومە دەرگا و کەسێک کە لە تەمنما نەمبینیوە ئیشارەتی بۆ کردم بچمە ماڵەوە٫ پێشتر بە ماڵەوەم گوتبوو میوانێکم دێت کەس نەیەت بەخێرهاتنی بکات٫ لە ژوری میوان چاوەڕێبوم٫ کاتێک تەماشامکرد کەسێک کڵاوێکی لەسەرە و عەینەکێکی ڕەشی لە چاودایە٫ هەر هاتە ژورە و دەرگاکەم داخست بەپەلە کڵاوەکەی و عەینەکەکەی لابرد٫ تەماشامکرد کاک ئارام ئەحمەدە٫ باوشی پێدا کردم و ئەملا و ئەولای یەکتریمان ماچکرد و یەکتریمان لە باوشگرت٫ ئەمە بۆ من چاوەڕواننەکرابوو٫ هەر خەیاڵیشم بەلایدا نەچوبوو کە میوانەکەم کاک ئارام بێت.
چارەکێک گفتوگۆمانکرد٫ سەرەتا پێی وتم کتێبخانەیەکی باشت هەیە و ئێمەش لە دەرەوە بێکتێبین٫ ناڕەحەتی خۆشی دەربڕی لەبەرانبەر ئەو کارە ناشرینەی بەرانبەرمکراوە٫ بەڵام داخی نەبینینی باوکی پێش وەفاتی لە دڵدابوو٫ منیش پێم گوت٫ تۆ دڵی خۆت بەوە بدەرەوە دایکی من زۆربەی کەس و کارەکەی ئەنفالبون٫ نەک نەشیانی بینیوە٫ بەڵکو نازانێت ئێسک و پروسکیشیان لە کوێیە٫ تەماشای ئەو هەموو کەس و کاری ئەنفالانە بکە نازانن گۆڕی کەس و کاریان لە کوییە.
کاک ئارام پێی وتم: بۆ لای کەس نەچوم٫ تەنها تۆ سێ برادەری خۆم دەزانن لێرەم٫ منیش پێم گوت متمانەت بەکەس نەبێت٫ چونکە مێژووی ئێمە پڕە لە ئینسانی خۆفرۆش بۆ پارە هەموو کارێک دەکات.
لە کاتی ماڵ ئاوایدا پێی وتم هیوادارم ڕۆژێک بێت پێکەوە بە ئازادی لەم شارەدا پیاسە بکەین٫ لە ژوری میوان ماڵ ئاوایم لێکرد٫ کاتێک چومە دەرەوە سواری ئۆتۆمبیل بوو ڕۆیشت و بێ ئەوەی ئاوڕ بداتەوە دەستی ماڵ ئاوای لێبەرزکردمەوە.
هاتمە ماڵەوە لێیان پرسیم میوانەکەت کێبوو؟ وتم پێویست ناکات ئێوە بزانن.
دیارە لە کۆتای ساڵی 2005 من لە ڕێگای سایتی کوردستانپۆست و ژوری کوردستان یونایتد لە پاڵتۆک یەکتر دەناسین٫ دواتر پێکەولە لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی دیکە٫ ژوری ئۆپۆزسیوین مان کردەوە لە پاڵتۆک٫ بەڵام یەکترمان نەبینیبوو.ئەمە یەکەم بینین بوو.
لەو ڕۆژەوە کەوتمە بەرانبەر بەرپرسیارێتیەکی گەورەوە٫ کە ئەویش بەرپرسیارێتی لەو متمانە گەورەیی ئەم پیاوە سەدان هەزار مرۆڤی کوردە لەسەر منی هەڵچنیبوو. لەو چرکە ساتەی ماڵ ئاوای لێکردم ئیتر کەوتمە بەر گێژاوی بیرکردنەوە٫ بیرکردنەوە لەوەی خوانەخواستە پێی نەزانن و شتێکی لێبەسەر بێت٫ منیش بکەومە بەر گومانی متمانەکردن٫ ئیدی هەر بیرم لێدەکردەوە٫ کۆمەڵێک هاوڕێم پێیان دەگوتم بۆ هێندە ماتیت قسە ناکەیت٫ هیچ وەڵامێکم نەدانەوە٫ هەمیشە بیرم لایبوو کە بەسەڵامەتی بگەڕێتەوە.
دوێنی برادەرێک لە ئوروپا گەڕابووەوە٫ لە ناو کۆمەڵێک خەڵکدا پێی وتم: ئەزانی ئارام ئەحمەد بە دزیەوە گەڕاوەتەوە؟ منیش خۆمم تێک نەدا و وتم شتی وانییە ئەوە درۆیە. دواتر لەوان دورکەوتمەوە و تەلەفۆنم بۆ ژمارە نەناسراوەکە کرد کە پەیوەندی پێوەکردبووم٫ وتم شتێکی واهەیە ئاگاداربن٫ ئیدی دوێنێ شەو زەنگی موبایلم لێدایەوە و پێم وترا کە لە مەترسیدا نەماوە و گەیشتوەتە جێگایەکی ئارام.
لە ناو ئەو هەموو بێمتمانەیی کە 27 ساڵە دەسەڵاتی کوردی لە هەموو جومگەکانی حوکمڕانی و حیزبییەوە و لە ناو کۆمەڵگا دروستیکردوە٫ و شیرازەی کۆمەڵگا و خێزان و هەموو چینەکان هەڵوەشاندوەتەوە٫ گەورەترین سەرمایی کە هەمبێت ئەو متمانەییە کە کاک ئارام پێیکردبم و خەڵکانی دڵسۆز پێم دەکەن٫ شکور بەسەڵامەتی گەیشتە شوێن خۆی و لە دڵەڕاوکێ ڕزگارم بوو.
#سەباح عەلی قارەمان#
#04-04-2018#