کۆمپانیای نەوت و گازی DNOی نەرویجی کە خاوەنی زۆرینەی پشکەکانی کیڵگەی نەوتی تاوکێیە، ئاشکرایدەکات کە کارەکانیان لە کوردستان بەرفراوان و خێراتر دەکات.
لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی نیسان لە سایتی ڕەسمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیای DNO ڕایگەیاندووە، کارەکانیان لە کوردستان بەرفراواندەکەن و پەرەی زیاتری پێدەدەن.
راشیگەیاندووە، کە لە چارەیەکی یەکەمی ئەمساڵدا کۆمپانیاکەیان زۆرترین داهاتی لە ماوەی چوارساڵی ڕابردووەوە بەدەستهێناوە، بەبڕی 142 ملیۆن دۆلار بووه و قازانجی پوختی کۆمپانیاکەش 18 ملیۆن دۆلار بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا کۆمپانیاکە (DNO) بڕی 518 ملیۆن دۆلاری بە نەقدی وەرگرتووە، جگە لە وەرگرتنی 76 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەشێوەی پشکی خەزێنە و کاغەزی دارایی.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، کۆمپانیاکە سێیەمین مۆڵەتی کارکردنی لە کوردستان بەدەستهێناوە لەپاش ڕەزامەندییەکانی حکومەتی هەرێم و هاوکارەکەی سەبارەت به و گرێبەستەی کە پێشووتر لەگەڵ ئیکسۆن موبێل ئەنجامدرابوو.
ئەوەشخراوەتەڕوو، کۆمپانیاکە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی پشخابور سێ بیرەنەوتی دیکەی هەڵکەندووە کە یەکێکیان تەواوبووە و ئەوانی دیکەش بە زوترین کات دەکەونە کار.[1]
#26-04-2018#