رووداو- هەولێر، سلێمانی
رەوا عەبدوڵڵا و جەمال ئەحمەد جەمیل
خاوەن چاپخانەکانی هەولێر چوار ساڵە چاوەڕێن هەڵبژاردنێک بکرێ، بۆ ئەوەی تۆڵەی ئەو بێکارییەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە تووشی بوون، بکەنەوە، بەڵام دەڵێن کاندیدەکانی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پارە لە چاپکردنی پۆستەر لە چاپخانەکانی کوردستان خەرج ناکەن، بۆیە بە بەروارد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بازاڕیان وەکو پێویست گەرم نەبوو.
ژمارەی قەوارە و پارتە بەشداربووەکانی ئەم هەڵبژاردنە زۆرن، ئەوەش وای کردووە حیزبە بەشداربووەکان بکەونە ڕکابەرێتییەکی ئێجگار قورسەوە و هەوڵ بدەن باشترین و سەرنجڕاکێشترین پۆستەر و بانگەشەی هەڵبژاردن ئامادە بکەن. بەڵام خاوەن چاپخانەکان دەڵێن ئەو بانگەشەیە خێری بۆ ئەوان نەبووە.
وەعد عەزیز، خاوەنی سەنتەر و چاپخانەی قەندیل، بۆ چاپەمەنی گشتی و ڕێکلام لە هەولێر، دەڵێت: دوای چوار ساڵ چاوەڕوانی بۆ هەڵبژاردن، بانگەشەی ئەمجارە، ئەو پارووە چەورە نەبوو کە چاوەڕێمان دەکرد، لەچاو هەڵبژاردنی پێشوو کاری ئێمە و چاپخانەکانی دیکە 70%ی کەمی کردووە.
وەعد عەزیز هەڵبژاردنی ڕابردوو بەنموونە دێنێتەوە و دەڵێت: لە هەڵبژاردنەکانی پێشتر کاندیدی وا هەبوو ژمارەی لە لیستەکەی زۆر لەدواوە بوو، بایی نزیکەی 5 هەزار دۆلار ڕێکلامی تەنیا لەسەر فلێکس چاپ دەکرد، بەڵام ئێستا دێت بایی 500 دۆلار ڕێکلام چاپ دەکات و سەعاتێکیش مامەڵەت لەگەڵ دەکات.
چوار هۆکار هەن کە وایان کردووە بازاڕ و قازانجی چاپخانەکانی کوردستان کەمتر بێت لە ڕابردوو، ئەوانیش: قەیرانی دارایی، چاپکردنی بەشێک لە ڕێکلامەکان لە تورکیا و چین، چاپکردنی پۆستەری کاندیدەکان بە چاپخانەی حیزبەکان، هەروەها کێبڕکێی نێوان چاپخانەکان کە وای کردووە نرخی چاپ بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزێت.
بەشێک لە حیزبەکان نایشارنەوە کە پۆستەری کاندید و لیستەکەیان لە دەرەوە چاپ کردووە و هۆکارەکەشی بۆ کواڵیتی و نرخ دەگەڕێننەوە.
پێش وادەی یاسایی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژارن، هەندێک لە حزبەکان دەستیان بە هەڵواسینی پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان و ئاڵای خۆیان کرد. حزبەکان بەشێوەیەکی هێندە چڕ و پڕ خۆیان بۆ بانگەشەی ئەو هەڵبژاردنە ئامادە کردووە، وا دەرناکەوێ لە هەرێمی کوردستان قەیرانی دارایی هەبێ. بەپێی ئەو زانیارییەی ڕووداو لە حزب و قەوارە بەشدارەکانی وەرگرتووە، ئەمساڵ چاپخانەکانی تورکیا و ئێران بازاڕێکی گەرمیان هەبووە و حزبێکی ئیسلامیش بەشێک لە پۆستەر و ڕیکلامەکانی لە چین ئامادە کردووە.
هاوژین عومەر، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت: بێجگە لە هەرێمی کوردستان، لە چین و تورکیا، کەرەستەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنمان چاپ کردووە، وەک ئاڵا و تەناف و لۆگۆی کۆمەڵ. بەرپرسەکەی کۆمەڵ هەروەها دەڵێ، بەشێکی دیکەی پۆستەرەکانیان لە ئێران چاپ کردووە بەو پێیەی چاپەمەنییەکانی ئێران لە ڕووی نرخەوە هەرزانترن.
بزووتنەوەی گۆڕان کە هەست دەکات لەم هەڵبژاردنەدا ڕکابەری زۆرتری هەن، چڕوپڕتر دەستی بە بانگەشە کردووە. بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەکە دەڵێ، بزوتنەوەکەیان بەپلەی یەکەم پشت بەو کەرەستانە دەبەستێت کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا چاپیان کردووە ئێمە لە کۆگاکانماندا کەرەستەیەکی زۆری وەک پۆستەر و ئاڵا و ئاڵای ئۆتۆمبێل و تەنافمان مابوو، ئەوانە بەکاردەهێنین.
پارتی و یەکێتی کە حیزبەکانی دیکە وەک دوو حیزبی دەوڵەمەند لێیان دەڕوانن، تەواوی کەرەستە و پێویستییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنیان لە نێوخۆ ئامادە کردووە.
دکتۆر بڕیار ڕەشید، گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی گوتی، ئەوان پارەیەکی ڕەمزییان داوە بە کاندیدەکان، خۆیان سەربەستن لەکوێ چاپی دەکەن و ڕیکلام ئامادە دەکەن ئەوەی پێوەندی بە ئێمەوە هەبێت وەک یەکێتی، هەموو کەرەستەکانمان لەنێوخۆدا ئامادەکردووە، هیچ پێویست ناکات لە دەرەوە بیکەین. خەسرۆ گۆران، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێ: سوودمان لە چاپخانەکانی هەرێمی کوردستان بینیوە.
لە هەڵبژاردنەکانی پێشتردا چاپخانەکانی کوردستان مەترێک فلێکسیان بەگوێرەی کواڵیتی بەنزیکەی 5 دۆلار چاپ دەکرد، بەڵام بەهۆی زۆربوونی چاپخانە و کێبڕکێی نێوانیان، ئێستا نرخی مەترێک چاپی فلێکس بۆ نیوەی نرخی پێشوو 2.5 دۆلار دابەزیوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر قازانجی چاپخانەکان داناوە.
هێمن فارس، خاوەنی چاپخانەی ئەلا لە هەولێر، دەڵێت بەهۆی کێبڕکێی چاپخانەکان نرخ زۆر دابەزیوە، ئێمە لە چاپکردنی هەر مەترێک فلێکس تەنیا 10 سەنت قازانج دەکەین، کەمیی کاریش وای کردووە بەناچاری کاری دروستکردنی چوارچێوەی ئاسن و هەڵواسینی پۆستەریش بۆ کاندیدەکان بکەین.
هێمن فارس پێیوایە باشبوونی بارودۆخی ئاسایشی پارێزگاکانی عێراق بە تایبەت بەغدا و پارێزگا سوننەکان هۆکارێکی دیکەن بۆ کەمبوونەوەی کاری چاپخانەکان لەم هەڵبژاردنە، چونکە وەک ئەو دەڵێت: پێشتر بارودۆخی ئاسایشی شارە عێراقییەکان زۆرباش نەبوو، بۆیە زۆربەی کاندیدە و قەوارەکان لەکوردستان بە تایبەتیش لە هەولێر پۆستەرەکانیان چاپ دەکرد، بەڵام لەم هەڵبژاردنە ڕێکلامەکانیان زۆر بەکەمی لێرە چاپ دەکەن.
پاشای گەورە بازاڕی گەرمە
لەنێو چاپخانەکانی پارێزگای هەولێر، چاپخانەی پاشای گەورە لەڕووی زۆریی چاپەوە چانسی لە زۆربەی چاپخانەکانی دیکە باشتر بووە.
هێدی فاروق، بەڕێوەبەری چاپخانەی پاشای گەورە، دەڵێت چەند کاندیدێکی بەهێزی پارتی و یەکێتی لای ئێمە چاپی ڕێکلامەکانیان کردووە، بۆیە کاری چاپخانەکەمان لە چاپخانەکانی دیکەی هەولێر باشتر بووە، ڕاکێشانی چاپی ئەم کاندیدانەش بەهۆی پەیوەندی کەسی و کۆمەڵایەتی بووە، نەک حیزبی.
وەک هێدی فاروق دەڵێت: زۆرترین خواستی کاندیدەکان لەسەر دروستکردنی بزنس کارتە بە پلەی یەک، چونکە نرخەکەی هەرزانە و 1000 دانەی بە 10 هەزار دینارە، دوای ئەویش ڕێکلامی سەر فلێکس دێت.
سەبارەت بەو حیزبانەی زۆرترین ڕێکلام دەکەن، هێدی گوتی: ئێمە ڕێکلاممان بۆ هەموو حیزب و لایەنەکان چاپ کردووە، بەڵام تێبینیمان کردووە کاندیدەکانی یەکێتی لە هەموو حیزبەکانی دیکە زیاتر ڕێکلامیان کردووە.[1]
#26-04-2018#