بەڕێزان:
دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان
دادوەری گشتیی هەرێمی کوردستان
حکوومەتی هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێر – پایتەختی هەرێمی کوردستان
نووسەران و ڕووناکبیرانی کوردستان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
هەموومان ئاگادارین ڕۆژی یەکشەممە، 11ی مارسی 2018 لیوای مافپەروەر، عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، بە میدیاکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، 11-3-2018، #فەرهاد پیرباڵ# بە پێی ماددەی 226ی یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە 111ی ساڵی 1969 و بە فەرمانی بەڕێز، دادوەری گشتی، دەستبەسەر کرا.
هەمووشمان دەزانین فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و شاعیر و ڕووناکبیرێکی دیاری نەتەوەکەمانە، کە جودا لەوەی لە بواری نووسینی شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا کەسایەتییەکی دیار و داهێنەر و کاریگەری ئەدەبیاتی کوردییە، لە بواری ڕووناکبیریشیدا کەسایەتییەکی دەگمەنە و کارە ڕووناکبیرییەکانی نەتەوەیین و خەمی لە هەموو پارچەکانی کوردستان خواردووە و لە دۆخی هیچکام لە پارچەکانی کوردستان بێدەنگ نەبووە، بۆیە فەرهاد پیرباڵ کەسایەتییەکی نەتەوەییە و خەڵکی هەموو کوردستان چاوەڕێن، هەم وەکو مرۆڤێک و هەموو وەکو کەسایەتییەکی دیاری ئەدەبی و ڕووناکبیری ئاگاداری دۆخی ژیانی فەرهاد پیرباڵ بن و دەخوازن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و شیاوی ئەو کەسایەتییە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت.
پێشتر وا بڵاو کراوەتە کە فەرهاد پیرباڵ پێویستی بە دەرمان هەیە، بۆیە لەسەر داوای بنەماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە بۆ ئەوەی پێداویستییە پزیشکییەکانی بۆ دابین بکرێت، کەچی ئێستا نامەیەک بە قەڵەم و خەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، کە داوا لە بەڕێز، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر دەکات دەرفەتی دیدارێکی 15 خولەکی لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی و منداڵەکانی و پارێزەرەکەی و چەند کەسێکی دیکەی پێ بدرێت و پاشان ئەوان و یاسا هەر بڕیارێک لەبارەیەوە بدەن، ئەو قبووڵی دەکات.
هەربۆیە وەکو کانوونی نووسەرانی کوردستان / ڕۆژهەڵات پشتیوانی لە فەرهاد پیرباڵ دەکەین و داوا دەکەین:
1- دەرفەتی ئەو دیدارەی پێ بدرێت، کە خۆی داوای کردووە.
2- ئەگەر لە لایەن هەرکەس و لایەنێکەوە سکاڵای یاسایی لەسەر فەرهاد پیرباڵ تۆمار کراوە، لە دادگا و بە پێی مافە یاساییەکانی خۆی و بە حزووری پارێزەر، یان پارێزەرەکانی یەکلایی بکرێتەوە و بە ڕای گشتی ڕابگەیەنرێت.
3- ئەگەر فەرهاد پیرباڵ پێویستی بە هەرچەشنە دەرمانێک هەیە، دەستەیەکی پزیشکیی پسپۆڕی بۆ دیاری بکرێت و ئەو دەستە پزیشکییەش دۆخی تەندروستیی فەرهاد پیرباڵ بۆ ڕای گشتی ڕوون بکاتەوە.
4- پێویستە خەڵکی کوردستان لە شوێنی مانەوەی فەرهاد پیرباڵ ئاگادار بن، ئاخۆ لە زیندانە، یان لە شوێنێکی تایبەت چاودیڕی لێ دەکرێت.
کانوونی نووسەرانی کوردستان / ڕۆژهەڵات
#26-04-2018#