#محەمەد مورادی (باقلاوایی)#
پێشتر لە زۆربەی دەڤەرەکانی کوردستان، کابانەکانی ماڵ بە دەستە ڕەنگینەکانی خۆیان گەلێک کەرستە و شتومەکیان ساز دەکرد کە ماڵیان پێ ئەڕازانەوە. لەو شتە خاوانە کە لە بەردەستیان بوو گەلێک کەلوپەلی سەرنجڕاکێش و بەکەڵکیان سازدەکرد، بۆ نموونە تەونکردن کارێکی جوان و ئاستەمیش بووە کە هەموو کەس توانای کردنی نەبوو؛ تەونگەرەکان جاجم، جواڵ، کژی، پڵاس، تاینچە و هتدیان بە شێوازی تەونی زەمینی دروست دەکرد؛ ئەڵبەت جاجم کە لە هەموویان ئاستەمترە حەوت ڕەنگە بوو بەس ئەوانیکە یان یەکڕەنگ بوونە یان دوو ڕەنگ.
شێوازی نانەوەی تەون:
سێ دانە داریان وەک مێخ ئەکوتا بە زەویدا و ئەم سێ دارە کاتێکە لە زەوییان دەچەقاند بە شێوازی پیتی (د) دەرئەهات، پاشان گورد و بنچیڕیان بۆ دائەنا. هەر جاجمێ دوازدە تەختە بوو؛ هەر بەرێکی شەش تەختە کە نزدیکی دوازدە مەتر کەمتر یان زیاتر بوو.
بنچیڕ:
لە تەنیشت مێخی یەکەم بە لای چەپدا دارێکی بچووکتریان لە زەوی دەچەقاند و سەری بەنەکانیان بە دەوریدا ئەهێنایەوە، جارێک بە ڕووی دەر و جارێکیش بە ڕووەی ناودا لە بەر و پشت گوردەکەوە ئەیانبرد بۆ پشتی ئەو دوو مێخەکەیتر کە وەک پیتی(د) بوون.
گورد:
لە بەرانبەر مێخی ناوەڕاستەوە لەبەری چەپەوە سێ مێخی دیکەیان بەڕیز ئەکوتا بە زەمیندا و ئەو تاڵە بەنانە کەوا لە بنچیڕەوە دەهات داری گوردەکان ئەساسیان پێئەدا؛ ئەڵبەت بەنی گوردیان سێلا ئەڕست.
واز:
بەنێکە لە بنچیڕەوە دەهات گەر بکەوتایتە دەری گورد دەیانگوت وازە بۆ هەر بەرێک لە تەونەکە دەبایە 168 تاڵ بەن ڕاکێشن هەتا ڕەنگەکان یەکبگرن. هەر تەختە حەوت ڕەنگ بوو و هەر ڕەنگیش چوار تاڵ.
سێپا:
کاتێکە تاڵە بەنەکانیان گشت گورد و واز دەکرد و لە بنچیڕیان دەتەنی لە ناوەڕاستی تەونەکەدا سێپایکیان دائەنا و گورێسێکیان لێ هەڵدەواسی و داری ناوینی گوردیان لائەبرد و ئەو دوو دارەکەیتریان ئەهێنا بە بەنەکانەوە هەڵیاندەواسی لە سێ پاکە و پاشان مێخی ناوەڕاستیشیان لائەبرد و یەکێ مێخێکیان زیاد ئەکرد بە مێخی یەکەم و سێهەم واتە هی پەڕانپەڕەکەی؛ ئیتر لە پشتی ئەو چوار مێخە تەونەکەیان جەڕ ئەدا و ئامادەی کردن ئەکرا؛ ئیدی بەری سەر سێپاکە دەکەوتە ڕووی بان و بەرەبەرە دەیان کرد و ئەوەی ئەکرا ئەپێچیا بە دەور تیرەکی پشت دوو مێخەکەدا، هەر دەسێک ئەکرا ئەمێش ئەچەرخیا و بەری ژێریش دەهاتە بان هەتا تەواو دەبوو.
بەوش:
تەختەیک بوو کە تانوپۆکەیان پێ ئەکوتا و تەونگەر بە دوو دەستی ئەیگرت و بەرەو خۆی ئەیکوتا و تەونەکەی ئەجەڕان.
پشت بەوش:
دارێکی دیکە بوو لە پشت بەوشەوە؛ کاتێکە ڕاستیان ئەکردەوە هەردوو لای بەنەکان لێک ئەبڕیان و بە ئاسانی بەوشەکە ئەکوترا.
بڕین:
هەر کات ڕێگە نەبایەت تەونگەر بەوش بکوتێ ئیتر دەیانبڕی؛ و لە پشتی بەوشەکەوە دوێردییان لێدەنا و لە بنچیڕیشەوە بەنەکانیان لە دارەکە دەرئەهێنا و دوو کەس دەهاتن تەختە تەونەکانیان هەرکەسە و لە سەرێکەوە دەکێشا و ڕاستیان دەکردەوە و کۆتایی دەهات. دوای ئەم هەموو کارە لێف و تاینچە و پڵاس و جواڵیان لێ ساز دەکرد؛ ئەڵبەت جواڵ تۆزێک دژوارتر بوو چونکە بەنەکەی لە مووی بزن بوو و دەچووە یەک واتە کرژ دەبویەوە؛ هەر بۆیە دەبایە پەیتا پەیتا بەوشەکەیان بە شیر یان ڕۆن چەور بکردایەت هەتا بە ئاسانی هاتوچوو بکات.