دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایدەکات، حکومەتی عێراقی 132 تریلۆن دینار قەرزاره و حکومەتی هەرێمیش داوادەکات قەرزەکانی سەر هەرێم لە لایەن بەغداوە بدرێتەوە.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 28ی نیسان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەپێی زانیارییەکانی من وەکو لێپرسراوی دۆسیەی قەرزەکانی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران بڕی قەرزەکانی عێراق گەیشتۆتە 132 تریلۆن دینار و بانکی نێودەوڵەوتیش بە حکومەتی عێراقیان ڕاگەیاندووە نابێ چیتر لەوەزیاتر قەرزبکات.
وتیشی بەشێکی قەرزەکانی سەر عێراق دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە ساڵی 2003، ئه و شوێنانەی بەغداش قەرزی لێکردوون هی یانەی پاریس و وڵاتانی کەنداو و بانکی نێودەوڵەتی و قەرزی ناوخۆیی و نێودەوڵەتین، تاوەکو ئێستاش تەنیا وڵاتی ئیمارات لە 7 ملیار دۆلار خۆشبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، قەرزەکانی عێراق ڕێژەی سوویان لە نێوان (1% بۆ 3%) یە، بەپێی ڕێککەوتنەکانیش دەبێ ئه و قەرزانە لە نێوانی ساڵی 2018 بۆ 2054 بدرێتەوە، لە حاڵەتی نەدانەوەشی لەکاتی خۆیدا دووبارە پێداچوونەوە بە بڕی سووەکە دەکرێت.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پارەی یەدەگی عێراقی لە 37 ملیار دۆلارەوە بۆتە 49 ملیار دۆلار، جگەلەوەی حکومەتی عێراق زیاتر لە 900 تۆن زێری یەدەگی هەیە، بەمەش لەڕووی یەدەگەوە عێراق بە سێیەمین دەوڵەتی عەرەبی دادەنرێت لە دوای سعودیه و لیبیا.
سەبارەت بە قەرزەکانی سەر هەرێم، سەمیر هەورامی، ڕاوێژکاری جێگری سەرۆکی حکومەت بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاندوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان 15 بۆ 16 ملیار دۆلار قەرزارە نەک 30 ملیار دۆلار، لە ئێستاشدا فەرمانگەی قەرزەکان لە وەزارەتی دارایی دامەزراوە و لەماوەیەکی نزیکدا بە ژمارە و داتا هەموو قەرزەکان کە چەند قەرزاریین و قەرزاری کۆمپانیاکان و مووچە خۆران و بەڵێندەرانیش و هەموو ئەوانی دیکە بە وردی دەخرێنەڕوو.
دەشڵێت عێراق 132 ملیار دۆلار قەرزارە، ئێمە پێمانگوتن کە دەتوانن قەرزەکانی ئێمەش بخەنە سەر قەرزەکانی عێراق، چونکە لە چاو ئەو 133 ملیار دۆلارە قەرزەکانی ئێمە شتێکی ئەوتۆ نییە، جگە لەوەی چەند ساڵە هەر بوودجەمان بۆ نەهاتووە، ئیتر ئەوە مافە و شایستەی دارایی هەرێمە، بۆیە دەبێت بەغدا ئەوە قبوڵ بکات و قەرزەکانی هەرێم بخاتە سەر قەرزەکانی خۆی.[1]
#28-04-2018#