دواڕۆژ، #ئاوارە حەمید#
تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێ کرد و زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار خوێندکار لە ماوەی 10 ڕۆژدا بەشداری تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە 28ی نیسانی 2018، #وەزارەتی پەروەردە#ی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتوە تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد کە زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار خوێندکار لە ماوەی 10 ڕۆژدا بەشداری ئەم تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵە دەکەن.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە ئەمڕۆ پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی چەندین قوتابخانەی کرد لە شاری هەولێر کە ئەم تاقیکردنەوەیەی تێدا ئەنجامدەدرا.
هەروەها وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو تاقیکردنەوەکانی وزاری و نیشتمانی پۆلەکانی دوانزەی ئامادەیی و نۆیەمی بنەڕەتی لە کاتی خۆی ئەنجامبدرێن واتا تاقیکردنەوەی وزاریی هەردوو بەشی وێژەیی و زانستی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە 27ی ئایاری 2018 دەستپێدەکەن، لە 13ی حوزەیرانی 2018ش، کۆتاییان پێدێت و زیاتر لە 120 هەزار خوێندکار لە هەرسێ بەشی زانستی و وێژەیی و پیشەیی تێیدا بەشداری دەکەن.
باس لەوەشکراوە کە تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتیش لە 28ی ئایاری 2018 دەستپێدەکات و پێش تاقیکردنەوەی پۆلی دوانزەکان کۆتایی پێدێت و نزیکەی 130 هەزار خوێندکار تێیدا بەشداری دەکەن.[1]
#28-04-2018#