لە ئەنجامیی چالاکیی گریلاکانی #هەپەگە# لە گردی لێلکانی هەرێمی کوردستانی 34 سەربازی تورک کوژران و حەوت پێگەیان تێکشکێندرا، هەروەها هەپەگە کوژرانی پێنج سەربازی دیکەشی لە جولەمێرگ و شرناخی باکوری کوردستان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە بارەی چالاکیی گەریلاکان لە جولەمێرگ و گردی لێلکان ڕاگەیەندراوێکی لە سەر ماڵپەڕیی فەرمیی بڵاوکردەوە و کوژرانی 39 سەربازی تورکی ئاشکراکرد.
لە ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە: گەریلاکانمان هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆزیان دەستپێکردووە، لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوە شۆڕشگێڕانەیەدا لە گردی لێلکان هێزەکانی سوپای تورکیان کردە ئامانج.
هەپەگە بەم شێوەیە بەردەوامی بە ڕاگەیەندراوەکە داوە: دوێنێ کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ گەریلاکانمان لە سەر گردی لێلکان چالاکییەکی بەرفراوانیان لە دژی سوپای تورک ئەنجامدا، گەریلاکانمان لە هەشت قۆڵەوە ئەو چالاکییەیان ئەنجامدا، لە ئەنجامدا حەوت پێگەی سوپای تورک تێکشکێندرا و 34 سەربازیشیان لێ کوژرا.
هەپەگە لە بەردەوامیدا ڕایگەیاند: هەر دوێنێ کاتژمێڕ 06:30 خولەکی سەرلەبەیانی لە گردی خەرەگۆلی سەربە چەلێی جولەمێرگ چالاکییەکی دیکە ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا دوو پێگەی سوپای تورک تێکشکێندرا، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیان نەزانرا، کاتژمێڕ 09:20 خولەک لە سەر گردی عەلیشێری سەربە گەڤەری جولەمێرگ لە ئەنجامی چالاکییەکی دیکە سێ سەربازی سوپای تورک کوژران.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی 26ی نیسان کاتژمێر 11:45 خولەکی نیوەڕۆ گەریلاکانی یەژاستار لە گردی لێلکانی باشوری کوردستان چالاکییەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا سەربازێک کوژرا و سێ سەربازیش برینداربوون.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوێنێ کاتژمێر 09:40 خولەکی شەو لە گردی جزیری سەربە جزیری شرناخ چالاکییەک بە قەناس لەلایەن گەریلاکانمانەوە لە دژی سوپای تورک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا سەربازێکی دوژمن کوژرا.[1]
#28-04-2018#