بڕی هاوردەکردنی گۆشت و ماسی و بەرهەمە پەلەوەرییەکان بۆ مانگی ئایار دیاریدەکرێت و هاوردەکردنیشیان بە هاوسەنگیکردن لەگەڵ بەروبووم و بەرهەمی ناوخۆ دەبێت، و بەرژەوەندی و بارودۆخی هاوڵاتیانیش ڕەچاو دەکرێت.
لە ڕاگەیەنرێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 30ی نیسان بڵاوکراوەتەوە، وێنەیەی بۆ دواڕۆژ نێردراوە و تیایدا هاتووە لە دیوانی قایمقامییەت، کە بەسەرپەرشتی قایمقامی ناوەندی سلێمانی و نوێنەرانی دامودەزگا و لایەنە پەیوەندیدارانەکان، کۆبوونەوەی لیژنەی دیاریکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی پەلەوەری و سامانی ماسی بۆ مانگی ئایار بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ و بەرژەوەندی هاوڵاتیان پاڵپشی لە بەرهەمی ناوخۆ بکرێت، و بۆ مانگی ئایار بە شێوەیەکی هاوسەنگ ڕێگە بە هاوردەکردنی بڕی 500 تۆن گۆشتی سور، 400 تۆن مریشک و 750 تۆن ماسی بدرێت، بە هەمان شێوەی مانگی ڕابردووش هاوردەکردنی هێلکە بۆ پارێزگای سلێمانی بە بڕی 510 تۆن دیاریبکرێت.[1]
#30-04-2018#