دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایدەکات، لەماوەی چوارمانگدا زیاتر لە 163 کەس بەتۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون و ڕێژەکەش بەراورد بە پارساڵ کەمیکردووە.
رێکەوت حەمە ڕەشید، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەهۆی پڕۆژەیەکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان توانیویانە ڕێژەی تاوان بەهۆی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر کەمبکەنەوە، ئەویش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و قورسکردن مەرجەکانی هێنانی مادەی هۆشبەر و تۆکمەکردنی سنوورەکان.
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەروو، لە هەولێر و سلێمانی کارەکانیان لە بارەی دروستکردنی سەنتەری تایبەت بە مادەی هۆشبەر دەستپێکردوە بۆ ئه و کەسانەی ئالوودە بوون بە مادەی هۆشبەر، چونکە ئه و شوێنانەی ئێستا هەن تایبەت نین و لەهەوڵدان بۆ دابینکردنی دوو شوێنی تایبەت بە ئالوودەبوان و چارەسەرکردنیان.
ئاشکراشیکرد، لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 163 کەس بە تۆمەتی بازرگانی به و مادەیە دەستگیرکراون و دەست بەسەر 9 کیلۆ مادەی هۆشبەر و زیاتر لە 8 هەزار پارچە لە دەرمانی پزیشکی هۆشبەر گیراوە، ئه و ڕیژەیەش بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کەمیکردووە.
رێکەوت حەمەرەشید، ئەوەشی خستەڕوو، لە هەندێ لە دەرمانخانەکان مادەی هۆشبەر بوونی هەیە، لەمەودوا ڕێکارەکان له و بارەیەوە توندتر دەکەن، وادەکەن تەنها چەند دەرمانخانەیەک ئه و کارەبکەن بەمەرجێ لە ژێر چاودێری ئەوان و سەندیکای دەرمانسازاندا بێت.
ڕاشیگەیاند بڕیارە هەموو ئه و بەندکراوانەی کە بە تاوانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بەندکراون و لە چاکسازییەکانن، هۆڵەکانی مانەوەیان لەگەڵ بەندییەکانی دیکە جیا بکرێتەوە و تێکەڵ نەکرێن.
بە وتەی ناوبراو، ئه و بەندیانە دەرمانخانەی تایبەتی خۆیان دەبێت و لەلایەن پزیشکانەوە پشکنینی تایبەت و جیایان بۆ دەکرێت، هاوکات سەردانکردنیشیان تەنها بۆ کەسانی پلە یەک دەبێت.[1]
#03-05-2018#