ماوەیەکە بەهای هەریەک لە دراوی لیرەی تورکی و تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ڕوو لەدابەزینە و بەهای دیناری عێراقیش بەرامبەر دۆلار سەقامگیرە کە ئەوەش ئاماژەیەکی باشە بۆ سەقامگیربوونی ئابووری عێراق.
لە 10ی نیسانی ڕابردوو بانکی ناوەندی ئێران چەند ڕێوشوێنکی گرتەبەر بۆ وەستاندنی دابەزین و هاتنەخوارەوە بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار، کە لەماوەی شەشە مانگدا یەک لەسەر سێی بەهاکەی لەدەستدا و 100 دۆلار بە 604.000 تمەن مامەڵەی پێوەکرا، ئەوەش کەمترین ئاستە کە دراوی ئێران لە مێژووی خۆیدا تۆماری بکات.
هۆکاری سەرەکی دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بە بۆچوونی پسپۆرانی ئابووری، لەلایەک دەگەڕێتەوە بۆ گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئەگەری کشانەوەی واشنتۆن لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکه و سەپاندی سزای ئابووری نوێ بەسەر ئێراندا، لەلایەکی دیکەوە بۆ کێشە ناوخۆییەکانی ئێران.
لە 15ی نیسانیشدا بانکی ناوەندی ئێران مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی دۆلار لە نوسینگەکانی ئاڵۆگۆڕی دراو قەدەغەکرد، تەنیا ڕێگەیدا بانکەکان ئه و کارە بکەن، بەڵام هیچ کام لەرێوشوێنەکان نەیانتوانی باری لاری تمەن ڕاست بکەنەوه و بەهاکەی بەرزبکەنەوە.
سەرەبات بەبەهای لیرەی تورکیش بەرامبەر دۆلار بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزیوە، لەسەر ئاستی ساڵانە، لەمانگی نیساندا بەرێژەی 11% دابەزیوه و هەفتەی ڕابردووش لە ماوەی 7 ڕۆژدا بەرێژەی 6% دابەزیوە، ئەوەش دوای ئەوەی دەرکەوت کە بانکی ناوەندی تورکیا توانای چارەسەرکردنی کێشەی هەڵاوسانی نرخەکانی نییە.
هەڵاوسانی نرخەکان و چوونە خانەی دەیانەوە، یەکێکە له و کێشانەی سەرچاوەی دوودڵیە بۆ حکوەمەتی تورکیا، لەکاتێکدا خۆی ئامادەدەکات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 24ی حوزەیران.
هاوکات ئاژانسی پۆلینەبەندی دڵنیایی (سناندەر ئاند پورز) لە نوێترین ڕاپۆرتی سەبارەت بە دڵنیایی بەهای دراوی بیانیی لە تورکیا، پۆلینی تورکیا لە (BB /B) دابەزاند بۆ (BB-/B) ئەوەش بەهای لیرەی بەرامبەر دۆلار بۆ ئاستێکی مێژوویی دابەزاند و حکومەتی تورکیاشی نیگەرند.
ئەمڕۆ یەکشەممەش بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزی 100 دۆلاربە 677.000 مامەڵەی پێوەکرا، لیرەی تورکیا لە ئاستێکی نزمدا مایەوە و 100 دۆلار بە 424 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.[1]
#06-05-2018#