ڕۆژنیوز، #هاوڕێ کرێکار#
لە #گەرمیان# ئامارەکانی کوشتن و خۆ کوشتنی ژنان لە چوار مانگی ڕابردوودا وەک 10 مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردووە، بەو پێیەش ئامارەکە زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
ڕۆژنیوز لەم ڕاپۆرتەدا بەدواداچوون دەکات، کە ئاخۆ توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان لە گەرمیان زیادییکردووە یان بەپێچەوانەوە و هۆکارەکان چین؟.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بەژنان لە گەرمیان، لەماوەی چوار مانگی ساڵی 2018دا، 3 ژن کوژراون، 1 ژن خۆی خنکاندووە، 4 ژن خۆیان سوتاندووە و گیانیان لەدەستداوە، تەرمی ژنێکی نەناسراویش بە سوتاویی دۆزراوەتەوە.
هەر بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتییەکە، لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2017دا، هیچ ژنێک نەکوژراوە، 2 ژن خۆیان کوشتووە، 11 ژن سوتاون و هەشتیان لەژیاندا ماون و 3یان گیانیان لەدەستداوە، 8 ژن خۆیان سوتاندووە و 4یان گیانیان لەدەستداوە و چواری تریشیان لەژیاندا ماون، ئامارەکەش بەبەراورد بە ساڵی 2016 زیادیکردبوو.
عەقیدی یاسایی، لەمیعە محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لەگەرمیان، ڕایگەیاند: ڕووداوە نەخوازراوەکانی چوار مانگی ئەمساڵ، لە چاو ساڵی ڕابردوو زیادییکردووە، بەشێوەیەک ساڵی ڕابردوو هیچ حاڵەتێکی کوشتن تۆمار نەکرابوو، بەڵام ئەمساڵ تەنها لە چوار مانگدا سێ ژن کوژراون.
هەرچەندە، لەمیعە محەمەد، دەڵێت، کە لە ساڵی ڕابردوو هیچ حاڵەتێکی خۆشتن تۆمار نەکراوە، بەڵام هیچ دڵنیاییەک-یش نییە، کە ئەو ژنانەی سوتاون، بە دەستی خۆیان خۆیان سوتاندبێت و ئەگەر هەیە سوتێندرابن.
ڤیان یەدوڵا، توێژەری دەروونیی باسی لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان کرد و بە ڕۆژنیوزی وت: پیشاندانی دراما دۆبلاژکراوەکان لەمیدیای کوردیی، کە چەندین ڕووداو و توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنانی تێدایە، یەکێکە لەهۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژییەکان.
ڤیان، پێیوایە، کە نەبوونی پەروەردەی دروست لە ناوەندەکانی خوێندن کاریگەریی لەسەر بەردەوامبوونی توندوتیژییەکان هەیە و خراپی ڕەوشی ئابوورییشی بە یەکێک لە هۆکارەکان ناوبرد، کە کێشەی خستووەتە ناو خێزانەکانەوە.
سەبارەت بە ڕێکارەکان بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژیی، سارا مەجید، چالاکوانێکی بواری ژنان، وتی: دەبێت سەرەتا لەپەروەردەی خێزانەوە دەست پێبکەین، ئەو کچ و کوڕانەی هاوسەرگیریی دەکەن، دەبێت هۆشیارییەکی بەرفراوانیان هەبێت، تا لەپەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا کلتوری توندوتیژی درێژە پێ نەدەن.
سارا، وتیشی: ڕێگیرییکردن لەتوندوتیژیی دژ بەژنان دەبێت بخرێتە پرۆگرامی خوێندنەوە و منداڵ لەپۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە وانەی پێکەوە ژیانیان پێ بخوێنرێت.
سارا مەجید، هەروەها وتی: پێویستە خولی هۆشیاریی بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان بکرێتەوە، تا بزانن بە چ شێوەیەک وتارەکانیان ئاڕاستەی کۆمەڵگا بکەن و چۆن مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانی ژناندا بکەن.[1]
#09-05-2018#