نزیکەی 950 هەزار کەس لە #کەرکووک#، مافی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە و، تائێستا 83%ی خەڵک کارتی ئەلیکترۆنیی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.
ئه و ئامێرە نوێیەی دەنگدان، کە بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەکاردەهێنرێت، گەیشتووەتە هەموو بنکەکانی دەنگدان لە کەرکووک. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە و، ڕۆژی پێنجشەمە لە 64 بنکەی دەنگدان، هێزە عێراقییەکان لە کەرکووک دەنگدەدەن.
عەبدولباست شوانی، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمیسیۆن بە تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕایگەیاند: وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری و هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە کەرکووک، ڕۆژی پێنجشەمە دەنگ دەدەن، سەبارەت بە دەنگدانی گشتیش، کە ڕۆژی شەممە بەڕێوەدەچێت 315 بنکەی دەنگدانی بۆ تەرخان کراوه، کە دەکاتە هەزار و 687 وێسگە لە سنووری پارێزگاکە.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا شەش کورسی لە کەرکووک بەدەستهێنابوو، گەیشتوونەتە ئه و بڕوایەی زۆرینەی خەڵکی کەرکووک ئەمجارەش بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن و، کورسیەکانی یەکێتیش هەروەکو خۆی دەمینێتەوە.
دیلان غەفوور، کاندیدی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێ کورد لە شاری کەرکووک لە پلانی نەتەوەکانی دیکە تێگەیشتووە، لەوە گەیشتووە کە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە و پێویستە دەنگ بدەن، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تەواوی هەوڵەکانی خۆی خستووەتهگەڕ بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە شاری کەرکووک وەکو خۆی بێت و پارێزراو بێت. بۆیە من وایدەبینم کورد لەم هەڵبژاردنەدا دەچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆی دەدات.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن، لیستە کوردییەکانیش بانگەشەکانیان گەرموگوڕتر کردووە، هاوپەیمانی بۆ دیموکراوسی و دادپەروەی هەمان بۆچوونی یەکێتی هەیە، پێی وایە خەڵکی کەرکووک خۆیان لە دەنگدان بێبەش ناکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگی کورد زۆر کەم نەکات.
عەبدولرەحمان خەلیفە، کاندیدی لیستی نیشتیمان لە کەرکووک دەڵێ زۆر بەکەمی تووشی ئه و کەسانە دەبم، کە دەڵێن دەنگ نادەم، بەڵام سەرەتا زۆر تووڕە بوون، کاتێک پێیان دەڵێم ئەگەر له و 12 کورسییەی کەرکووک تورکمان و عەرەب زۆرینە بوون چی دەکەیت؟ بۆچوونیان دەگۆڕن، بۆیە پێموایە هەمووان دەنگ دەدەن.
بەپێی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، له و 950 هەزار کەسەی لە کەرکووک مافی دەنگدانیان هەیە، نزیکە 530 هەزاریان کوردن و بە بەشداریکردنیان و دەنگدانیان بە کورد ڕێژەی کورد زیاتر لە 52%ی دەنگەکان دەبێت.[1]
#09-05-2018#