لە ساڵی 2017 وە، هەرێمی کوردستان و ڕووسیا لە بواری وزەدا چوونەتە نێو ڕێککەوتنی ستراتیژییەوە. کۆمپانیای ڕووسنەفتی ڕووسی کە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە چەندین گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری نەوت و گازدا واژۆکردووە، کە پەیوەستن بە ژێرخانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ساڵی 2017 لە گەرمەگەرمی قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت کە بووبووە هۆکاری کەمبوونەوی وەبەرهێنانە نەوتییەکان، ڕووسیا و هەرێمی کوردستان بوون بە هاوبەشی ستراتیژی یەکدی.
کۆمپانیای ڕووسنەفتی ڕووسی کە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە لە ساڵی 2017 دا چەندین ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆکرد، کە هەموو ڕێککەوتنەکان تایبەتمەندی ستراتیژییان هەیە.
لە مانگی شوباتی 2017، کۆمپانیای ڕووسنەفت بە بڕی 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆکرد بۆ کڕینی نەوتی کوردستان بۆ ماوەی 3 ساڵ.
لە مانگی ئەیلوولدا، کۆمپانیای ڕۆسنفەت لە چوارچێوەی گرێبەستێکدا بە بڕی 1 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی لە بۆری گواستنەوەی نەوتی کوردستان -جەیهان کرد.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2017، کۆمپانیای ڕووسنەفت هەروەها گرێبەستی پەرەپێدانی پێنج بلۆکی نەوتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆکرد.
ئیگۆر سچین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕووسنەفت بە ڕووداوی ڕایگەیاند: ڕێککەوتووین کۆمپانیایەکی هاوبەش دامەزرێنین بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان. هیوادارین هەماهەنگییەکانمان لەبواری وزە لە هەرێمی کوردستان هێندە پێشبکەون کە بڕۆنە چوارچێوەی هاوکاری هاوبەشیی ستراتیژی.
هاوکارییەکانی کۆمپانیای ڕووسنەفت و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری وزە تەنیا پەیوەست نین بە نەوتەوە، بەڵکو ئەو هاوکارییانە چوونەتە بواری گازی سرووشتیش. لە مانگی تشرینی یەکەمی 2017 کۆمپانیای ڕووسنەفت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی 1 ملیار دۆلار گرێبەستیان واژۆکرد بۆ ڕاکێشانی بۆری گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان.
میخایل ڤلادیمیرۆڤیچ، گوتەبێژی کۆمپانیای ڕووسنەفت بە ڕووداوی ڕاگەیاند: ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکمان هەیە لە بواری گازی سرووشتی. وردەکاری و شیکاری ژێرخانی هەرێمی کوردستانمان ئامادەکردووە. چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە لای ئێمە ڕوونەو سەرمایەی پێویستیش بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەستەبەرکراوە.
بەپێی شرۆڤەکارانی بازاڕی نەوت هاتنی کۆمپانیای ڕووسنەفت و وەبەرهێنانی درێژخایەنی لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، تەنیا ئامانجی ئابووری لە پشتەوە نییە، بەڵکو هاتنی ڕووسنەفت بەشێکە لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.[1]
#11-05-2018#