رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی ئەمڕۆ شەممە لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلمانی عێراقدا، هاوپەیمانی و ئیئتلاف و قەوارە و کاندیدەکان نزیکەی 3 بۆ 4 ملیار دۆلاریان خەرجکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە لەندەنییەکە، خەرجی هەڵمەتی کاندیدەکانی ئەم هەڵبژاردنە شەقامی عێراقی توڕە و نیگەران کردووە، وەک ئەوەی نور نوجێفی توێژەری پەروەردەیی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، عێراق تا ئێستا لەسەرجەم پارێزگاکاندا قوتابخانەی قوڕینی هەیە، ئەگەر کاندیدەکان ئه و تێچوونەی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیان خەرجی دەکەن، بۆ بنیاتنانی قوتابخانەکان تەرخانیان بکردایە باشترین هەڵمەت دەبوو بۆ کاندیدەکان، دەنگێکی زۆرتریان کۆدەکردەوە، قوتابخانەکانیش نوێ دەکرانەوە.
هەندێک لایەنی ئابوری بۆ ڕۆژنامەکە ئەوەیان پشت ڕاستکردۆتەوە، کۆی ئه و پارەیەی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی 2018 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خەرجکراوە، لە نێوان 3 بۆ 4 ملیار دۆلار دەبێت، هەرچەند فەرمانی دەستگیرکردنی ئه و کەسانە دەرچووە کە دەنگ و کارتی دەنگدان دەفرۆشن، کەچی نرخی یەک دەنگیش، بەپێی ئه و تۆمارە دەنگییە دزە پێکراوانەی بڵاوبوونەتەوە، زیاتر لە 200 دۆلار کەوتوون.
چاودێرێکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەوەی ئاشکراکردوو، ئه و دەعوەت و میواندارییەی کاندیدەکان بۆ دەنگدەرانیان خەرجکردووە، لەم هەڵمەتەیاندا، ڕێژەیەکی زۆر سامانی ئاژەڵی وڵاتی لەناو بردووە، نرخی ئاژەڵ و گۆشتی بەرزکردۆتەوە، کەسیش نازانێت کۆمەڵگە بۆچی باجی سەرکەوتنی 328 پەرلەمانتار بەشێوە و ڕێگەیە بدەن، هەموو چوار ساڵ جارێک.
رۆژنامەکە دەڵێت شەقامی عێراق زۆر هەستیارانە سەیری ئەم پرۆسەی خەرجکردنە دەکات، بۆیە پەنا دەباتەبەر ڕووبەڕووبونەووەی ئەم دیاردەیە بە چەند شێوە مەدەنی و میدیایی، سەرەتاکەشی لە ماس میدیا و سوشیال میدیادا دەردەکەوێت.
جەمال دیوانی، پسپۆڕی بواری هەڵمەتی هەڵبژاردن، لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەی حەیاتی لەندەنی وتووە، قەبارەی تەرخانکردن و خەرجکردنی هەڵمەتەکان لە حزب و قەوارەیەکەوە، بەڵکو لە کاندیدێک و کاندیدێکی ترەوە جیاوازە و دەگۆڕێت، هەندێک هەڵمەتی ناوەندیش هەن، کە حزبەکان بۆ سەرجەم کاندیدەکانی دەکەن، هەندێک هەڵمەتی تایبەتیش هەیە کاندید بۆ خۆی دەکات.
حکومەتی عێراق، بڕی 296 ملیار دینار (246 ملیۆن دۆلار)ی بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن لەڕێگەی کۆمسیۆنی سەربەرخۆیی هەڵبژاردنەکانەوە تەرخانکرد، بۆئەوەی پرۆسەی دەنگدان بکاتە ئەلیکترۆنی، تا یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە نەکرێت.
سەبارەت بە قازانجی ڕێکلامی هەڵبژاردنەکانی جەمال دیوانی وتوویەتی، هەموو قەوارە و حزبەکان کەناڵ و ڕۆژنامه و ئاژانس و ئێزگەی خۆیان هەیە، بەبێ بەرامبەر ڕێکلامی بۆ کاندیدەکانیان کردووە، بەڵام هەندێک ڕێکلامی تری لە کەناڵە عەرەبی و بیانییەکانەوە، کراوە، ئەوەش هەر دەنگێک بۆ کاندیدێک لە 20 بۆ 100ی ئەمریکی لەسەر کاندیدەکە کەوتووە، بەڵام ئه و ڕێکلامە نزیکەی 10% کاندیدەکان کردوویانە، بۆیە کۆمپانیاکانی ڕێکلامکردن قازانجێکی باشیان کردووە، لەپاڵ کۆمپانیاکانی پرۆشتنی شتومەک و پێداویستی و دەستی کار.
دیوانی دەشڵێت، هەندێک دیاردەی هەڵمەتی نوێ هەبوون، لەم هەڵبژاردنی 2018دا، کە هەندێکیان فەرمی بوون، هەندێکی تریشی نافەرمی بوون، وەک ڕێکخستنی میوانداری و ڕازاندنەوەی سفرەی نانخواردن، دروستکردنی فۆرمی زانیاری بۆ هەر دەنگدەرێک و چاودێری کردنی لەلایەن کاندیدەکانەوە بۆ مسۆگەرکردنی دەنگەکەی.[1]
#12-05-2018#